زۆرێک لە پیاوان بەتایبەتی دوای تەمەنی چل ساڵی، بەهۆی هەستانەوەی دووبارە لە شەودا بۆ میزکردن تووشی نیگەرانی دەبن و پێیان وایە کێشەی پرۆستاتایان هەیە. پزیشکان جەختدەکەنەوە کە ئەم نیشانەیە هەمیشە بە مانای گەورەبوون یان شێرپەنجەی ئەو رژێنە نییە، بەڵکو دەکرێت هۆکاری تری لەپشتەوە بێت، وەک نەخۆشیی شەکرە، تێکچوونی میزڵدان، پچڕانی هەناسە لە خەودا، یان هەندێک دەرمان و خووی رۆژانە.
قەبارەی پرۆستاتا بە تێپەڕبوونی تەمەن گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان گەورەبوونی بێزیان، هەوکردن و شێرپەنجەدا. گەورەبوونی بێزیانی پرۆستاتا زیاتر لە پیاوانی سەروو پەنجا ساڵدا باوە و دەبێتە هۆی گوشارخستنەسەر رێڕەوی میز، بەڵام توندیی نیشانەکان مەرج نییە هەمیشە هاوسەنگ بێت لەگەڵ قەبارەی رژێنەکەدا، رەنگە قەبارەیەکی بچووک نیشانەی روون دروست بکات، کەچی رژێنێکی گەورەتر هیچ نیشانەیەکی ئەوتۆی نەبێت.
کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی میزەڕۆ لە رێنماییەکانیاندا دەریدەخەن کە میزکردنی شەوانە دیاردەیەکی فرەهۆکارە. ئەم دۆخە لەوانەیە بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی میز لە شەودا، کەمبوونەوەی توانای میزڵدان یان کێشەکانی خەو بێت. هاوکات توێژینەوە پزیشکییەکان جەختدەکەنەوە کە نەخۆشیی شەکرە، قەڵەوی، بەرزیی پەستانی خوێن و هەناسەتەنگیی کاتیی خەو لە دیارترین هۆکارەکانی ئەم کێشەیەن.
پزیشکان بۆ کەمکردنەوەی ئەم کێشەیە ئامۆژگاری دەکەن کە شلە و کافاین لە کاتی ئێوارە و پێش خەوتندا کەمتر بخورێت، بە بێ ئەوەی رێژەی شلەی پێویست لە رۆژدا بە شێوەیەکی نالۆژیکی کەم بکرێتەوە. لە کاتی بەردەوامبوونی نیشانەکان یان دەرکەوتنی نیشانەی مەترسیدار وەک خوێن لە میزدا، پێویستە بە زوویی سەردانی پزیشکی تایبەتمەند بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری راستەقینە و وەرگرتنی چارەسەری گونجاو.

