توێژینەوەیەکی زانستیی بەرفراوان کە زیاتر لە 113 هەزار کەسی لەخۆگرتووە، دەریدەخات نیشانەکانی مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک رەنگە 30 ساڵ پێش روودانیان دەربکەون.
دوێنێ دووشەممە، توێژینەوەکە لە گۆڤاری پزیشکیی JAMA Network Open بڵاوکرایەوە. ئەنجامەکان ئاشکرایان کردووە جیاوازییەکی کەم لە پەستانی خوێن و ئاستی کۆلیسترۆڵدا کاتێک بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت، گرنگییەکی زۆری دەبێت. ئەمەش بایەخی پشکنینی پێشوەختە و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ لە تەمەنی گەنجیدا زیاتر دەکات.
توێژەران بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە، داتای چوار توێژینەوەی درێژخایەنیان کۆکردووەتەوە کە زیاتر لە 316 هەزار هەڵسەنگاندنی تەندروستیی نێوان ساڵانی 1985 تا 2019یان لەخۆگرتووە. لە ماوەی بەدواداچوونێکدا کە تێکڕاکەی 19 ساڵ بووە، نزیکەی 17 هەزار بەشداربوو تووشی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشکی نەکوشندە بوون یان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێنەوە گیانیان لەدەستداوە.
دەرەنجامەکان روونیدەکەنەوە، نیشانەکانی تەندروستی لای ئەو کەسانەی دواتر تووشی کێشەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن بوون، چەند دەیە پێش روودانی کێشەکان کەمتر گونجاو بووە بەراورد بەو کەسانەی تووش نەبوون.
یەکێک لە گرنگترین دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە ئەوەیە، تێکڕای پەستانی خوێنی سیستۆلی لای ئەو ئافرەتانەی دواتر تووشی کێشەکانی دڵ بوون، 30 ساڵ پێش روودانی کێشەکە 121 ملم زەبق بووە، لەکاتێکدا لای ئەو ئافرەتانەی تووش نەبوون 117 ملم زەبق بووە. ئەم جیاوازییە لە کاتی روودانی جەڵتەکە یان کۆتاییهاتنی ماوەی بەدواداچوونەکە 4 تا 7 ملم زەبق بەرزبووەتەوە. توێژەران هەمان ئاراستەیان لای پیاوانیش تێبینی کردووە.
گرنگیی ئەم دەرەنجامانە لەوەدایە کە بەرکەوتنی بەردەوام بە هۆکارەکانی مەترسی، تەنانەت کاتێک جیاوازییەکان سنووردارن، رەنگە کاریگەریی لەسەر تەندروستیی دڵ و بۆرییەکانی خوێن هەبێت. ئەمەش بەو مانایە نییە خوێندنەوەی پەستانی خوێن لەسەر 121 ملم زەبق بە مەرجێک نیشانەی جەڵتەی دڵ بێت لە داهاتوودا.

