zagros news agency

ڤاکسینێک بۆ ڕێگریی لە شێرپەنجەی پەنکریاس تاقیکرایەوە

توێژەران ڕایانگەیاندووە، ڤاکسینێکی تاقیکاری کە یەکێک لە باوترین هۆکارە بۆماوەییەکانی شێرپەنجەی پەنکریاس دەکاتە ئامانج، لە تاقیکردنەوەیەکی سەرەتاییدا توانیویەتی بە سەرکەوتوویی ڕێگری لە پەرەسەندنی نەخۆشییەکە بکات لەو کەسانەی کە لەژێر مەترسییەکی بەرزدان بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە.
توێژەران لە گۆڤاری زانستیی “Cancer Discovery”دا ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێدەچێت ئەم توێژینەوەیە یەکەم تاقیکردنەوە بێت لەسەر مرۆڤ کە بسەلمێنێت ڤاکسینێکی دژە بازدانی جینۆمیی “KRAS” دەتوانێت بە شێوەیەکی سەلامەت وەڵامدانەوەیەکی بەرگریی درێژخایەن لە جەستەدا دروست بکات.
بازدانی جینۆمیی “KRAS” لە زۆربەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی پەنکریاس و برینە سەرەتاییەکانی پێش شێرپەنجەدا بوونی هەیە. ئەم ڤاکسینە کە بە “mKRAS-AMP” (ئێم. کیراس-فاکس) ناسراوە و لەلایەن توێژەرانی زانکۆی “جۆنز هۆپکینز”ەوە گەشەی پێدراوە، کاردەکات بۆ هاندانی سیستمی بەرگریی لەش بە مەبەستی ناسینەوە و لەناوبردنی ئەو خانانەی کە یەکێک لە 6 جۆری ئەم بازدانە بۆماوەییەیان هەڵگرتووە، پێش ئەوەی بگۆڕێن بۆ شێرپەنجە.
لە تاقیکردنەوەکەدا، 20 بەشداربوو کە مەترسییەکی بۆماوەیی بەرزیان هەبوو بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی پەنکریاس و لە ڕێگەی پشکنینی وێنەییەوە ناتەواوی لە پەنکریاسیاندا تۆمارکرابوو، لە ماوەی 13 هەفتەدا 4 ژەمە ڤاکسینیان پێدرا.
ئەنجامەکان دەریانخست کە ڤاکسینەکە توانیویەتی لە 18 بەشداربوودا (واتە بە ڕێژەی 90%) خانە بەرگرییەکان هان بدات بۆ ناسینەوە و بەبیرهێنانەوەی بازدانەکانی “KRAS”. ئەم خانە بەرگریانەش تا 2 ساڵ دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە لە جەستەیاندا بە چالاکی مانەوە.
هەروەها دوای ماوەی بەدواداچوونێکی مامناوەند کە 16.5 مانگی خایاند، هیچ کام لە بەشداربووان تووشی شێرپەنجەی پەنکریاس یان برینێکی توندی پەنکریاس نەبوون کە پێویستی بە نەشتەرکاریی لابردن هەبێت.
دەربارەی سەلامەتیی ڤاکسینەکە، توێژینەوەکە دەریخستووە کە زیانەکانی کەم بوون و کاریگەرییە لاوەکییەکانی لە نێوان سووک تا مامناوەنددا بوون؛ کە باوترین نیشانەکانیش بریتی بوون لە سووربوونەوە و ئازار لە شوێنی دەرزییەکە، ماندوێتی، لەرزین و نیشانەکانی هاوشێوەی ئەنفلۆنزا.
لەگەڵ ئەوەشدا، توێژەران ڕوونیان کردووەتەوە کە ئەم توێژینەوەیە لە بنەڕەتدا بۆ هەڵسەنگاندنی سەلامەتی و وەڵامدانەوەی سیستمی بەرگری داڕێژراوە، و بە تەواوی ناتوانێت بسەلمێنێت کە ڤاکسینەکە بە تەواوی ڕێگری لە تووشبوون بە شێرپەنجەی پەنکریاس دەکات.
دکتۆرە ئێلیزابێس جافی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە سەنتەری “کیمێل” بۆ شێرپەنجەی پەنکریاس لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز لە بالتیمۆر، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “ئەمە تەنها سەرەتایە، بەڵام ئەنجامەکان نیشان دەدەن کە سیستمی بەرگری هان دراوە.” ئاماژەی بەوەش کرد: “هێشتا کارێکی زۆرمان لە پێشە، بەڵام ئەمە سەرەتایەکی باشە بە ئامانجی خۆپاراستن، کە بابەتێکە پێشتر کەس بیری لێنەکردبووەوە ئەنجامی بدات.”
پێشتر و بۆ یەکەمجار، تاقیکردنەوەی ڤاکسینی “KRAS” لە ساڵی 2020 لەسەر ئەو نەخۆشانە ئەنجامدرا کە نەشتەرکارییان بۆ کرابوو و لەژێر مەترسییەکی بەرزدا بوون بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی شێرپەنجە. ئەو توێژینەوەیە دەریخست کە کاتێک ڤاکسینەکە وەڵامدانەوەیەکی بەرگریی بەهێز دروست دەکات، نەخۆشەکان لانی کەم بۆ ماوەی 5 ساڵ بەبێ نەخۆشییەکە دەمێننەوە، ئەم سەرکەوتنەش هاندەر بوو بۆ ئەنجامدانی ئەم توێژینەوە نوێیە خۆپارێزییە.
لە ئێستاشدا توێژەران توێژینەوەیەکی دیکەیان دەستپێکردووە بۆ تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە لەسەر ئەو نەخۆشانەی کە کیسی مەترسیداری پەنکریاسیان هەیە و بڕیارە نەشتەرکاریی بۆ لابردنیان بکەن. ئەم تاقیکردنەوە نوێیە دەرفەت بە زانایان دەدات لەوە تێبگەن کە چۆن ئەو خانە بەرگریانەی بەهۆی ڤاکسینەکەوە دروست دەبن، کاریگەریی ڕاستەوخۆ دەکەنە سەر ئەو شانانەی پەنکریاس کە ئەگەری هەیە بگۆڕێن بۆ شانەی شێرپەنجەیی.

هەواڵی پەیوەندیدار

هیندستان بە بەهای نزیکەی 30 ملیار دۆلار نەوتی عێراقی هاوردە کردووە

سەڵاح

نه‌وتی عێراق: دوای كێشه‌ی هورمز، لە ماوەی هەفتەیەکدا ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت ئاسایی دەبێتەوە

سەڵاح

لیڤەرپوول نایەوێ محەمەد سەڵاح لەدەست بدات

یاسین