وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری ١١ مانگی ڕابردووی پشکنین و تووشبوون بە ڤایرۆسی ئایدز (HIV)ی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، لەنێو ٦٠٩ هەزار و ٣٠٦ پشکنینی خوێندا کە لە کەرتی گشتیدا ئەنجامدراون، تەنها ٨٧ حاڵەتی نوێ تۆمارکراون. لەو ژمارەیەش ٢٣ حاڵەتیان هاوڵاتی و دانیشتووی ناو هەرێمی کوردستانن و ٦٤ حاڵەتەکەی دیکە هاوڵاتی بیانی و دەرەوەی هەرێمن کە ڕێکاری پێویستیان بەرانبەر گیراوەتەبەر.
پشکنینەکان لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکاندا بۆ چین و توێژە جیاوازەکان کراون، لەوانە کەسانی بیانی بەر لە وەرگرتنی مۆڵەتی نیشتەجێبوون، پشکنینی پێش هاوسەرگیری، بوتڵە خوێنە بەخشراوەکان، کرێکاری شوێنە گەشتیارییەکان و سزادراوانی چاکسازییەکان. هەروەها پشکنین بۆ نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن، سیل، تالاسیمیا و ئەو کەسانەش کراوە کە نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت.
وەزارەتی تەندروستی دڵنیایی داوە کە سەرجەم تووشبووان لەژێر چاودێری پزیشکیدان و بە هەژمارکردنی حاڵەتە نوێیەکان و ساڵانی ڕابردووش، لە ئێستادا کۆی گشتیی هەڵگرانی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٥٠ کەس، کە بەردەوام پشکنین و چارەسەر و هۆشیاریی تەندروستییان بۆ دابین دەکرێت.

