zagros news agency

کافایین کاریگەرییەکی زۆری لەسەر مێشک هەیە

کەمخەوی بۆ زۆر کەس وەک فەرمانبەرانی خاوەن شەفت، قوتابییان، شۆفێران و دایک و باوکان، بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە. وەڵامی خێرای زۆر کەسیش بۆ ئەم حاڵەتە، فنجانێک قاوە یان خواردنەوەیەکی کافاییندارە. بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ دەری خست کافایین تەنیا ئامرازی بەخەبەر مانەوە نییە و دەتوانێت، لانی کەم لە ئاژەڵە تاقیگەیییەکاندا، بەشێک لە تێکچوونی یادگەی سەرچاوەگرتوو لە کەمخەوی قەرەبوو بکاتەوە.
توێژەرانی کۆلێژی پزیشکیی یۆنگ لو لین لە زانکۆی نیشتمانیی سەنگافوورە بۆیان دەرکەوت بێبەشبوون لە خەو زیان بە ڕێڕەوێکی دیاریکراوی مێشک دەگەیەنێت؛ ئەو ڕێڕەوەی پەیوەندیی بە یادگەی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، واتە توانای ناسینەوە و بەبیرهێنانەوەی کەسە ناسراوەکان.
بە گوێرەی ئەم توێژینەوەیەی لە گۆڤاری “نۆرۆسایکۆفارماکۆلۆژی”دا بڵاو کراوەتەوە، کافایین توانیی پەیوەندیی نێوان خانە دەمارەیییەکانی ئەو ڕێڕەوە نۆژەن بکاتەوە و کێشەکانی یادگەی سەرچاوەگرتوو لە کەمخەوی کەم بکاتەوە.
جەختی ئەم توێژینەوەیە لەسەر بەشێکی هیپۆکامپ بە ناوی ناوچەی “سی‌ئەی٢” بوو. هیپۆکامپ لە فێربوون و یادگەدا ڕۆڵێکی سەرەکیی هەیە و ناوچەی “سی‌ئەی٢” بەتایبەت بۆ پێکهێنانی یادگەی کۆمەڵایەتی گرنگە. لە تاقیکردنەوەکەدا، ئاژەڵەکان بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر لە خەو بێبەش کران و پاشان لە خولێکی حەوت ڕۆژەدا کافایینیان وەرگرت.
پشکنینی شانەکانی مێشک دەری خست کەمخەوی توانای مێشکی بۆ پاراستنی پەیوەندییە سیناپسییەکان لاواز کردبوو؛ هەمان ئەو پرۆسەیەی دەرفەت بە مێشک دەدات پەیوەندیی نێوان خانە دەمارەیییەکان لە کاتی فێربووندا بەهێز یان ڕێک بخات.
بە زمانێکی سادەتر، کەمخەوی تەنیا نەبووەتە هۆی ماندوویەتی و کەمبوونەوەی سەرنج، بەڵکوو خولێکی دیاریکراوی مێشکی تێک داوە بۆ ناسینەوەی کەسە ناسراوەکان گرنگە. لە ئەنجامدا، ئاژەڵەکان لە ناسینەوەی ناسراوەکانی پێشوویاندا تووشی کێشە بوون.
کافایین لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە ڕێڕەوەکانی وەرگری ئادینۆزین کار دەکات. ئادینۆزین لە کاتی بەخەبەربووندا لە مێشکدا زیاد دەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی خەواڵوویی. دۆزینەوەی گرنگی توێژینەوەکە ئەمە بوو کاریگەریی کافایین گشتی و کوێرانە نەبوو؛ واتە تەنیا چالاکیی مێشکی زیاد نەکرد، بەڵکوو هەمان ڕێڕەوە زیانپێکەوتووەکەی ناوچەی “سی‌ئەی٢”ی لە دۆخی ئاسایی نزیک کردەوە. لەو ئاژەڵانەی کەمخەوییان نەبوو، کافایین هیچ نیشانەیەکی هاندانی زۆری مێشکی دروست نەکرد.
لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم توێژینەوەیە بە واتای ئامۆژگاری بۆ گۆڕینەوەی خەو بە قاوە نییە. توێژینەوەکە لەسەر مشکی نێر ئەنجام دراوە و هێشتا ڕوون نییە ئەنجامەکانی تا چەند لە مرۆڤدا دووبارە دەبنەوە. هەروەها بڕ، کاتی بەکارهێنان و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی کافایین دەبێت بە جیا لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێت.
کافایین بۆ هەموو کەس بێوەی نییە یان هەمان کاریگەریی نییە و لە هەندێک کەسدا دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ، لێدانی خێرای دڵ یان بێخەویی زیاتر.
گرنگیی ئەم دۆزینەوانە زیاتر لە ناسینی میکانیزمی مێشکیی کەمخەویدایە. پێشتر ڕوون بوو خەوی ناتەواو لە جێگیرکردنی یادگەدا تێکچوون دروست دەکات و لێکەوتەی خراپی بۆ تەندروستی هەیە، بەڵام پەیوەندیی نێوان خەو و یادگەی کۆمەڵایەتی کەمتر لێکۆڵینەوەی بۆ کرابوو. ئەم ڕێڕەوە دەتوانێت لە داهاتوودا یارمەتیی توێژینەوە نوێیەکان دەربارەی دابەزینی توانای ناسینەوە و تەنانەت زەهایمەر بدات.
پەیامی سەرەکیی توێژینەوەکە ئەمەیە کەمخەوی دیاردەیەکی سادە و بێ تێچوو نییە. قاوە ڕەنگە بتوانێت بە شێوەیەکی کاتی بەشێک لە تێکچوونەکانی دایبپۆشێت، بەڵام جێگەی خەو ناگرێتەوە. مێشک بۆ پاراستنی یادگە، ناسینەوەی دەموچاوەکان و ڕێکخستنی ئەزموونە ڕۆژانەکان، هەر پێویستی بە خەوی ڕێکوپێک هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لەنێو ژووری جل گۆڕینی بارسا بۆتە شەڕ لەنێوان دوو یاریزان

یاسین

کەشناسی : پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە

سەڵاح

نرخی زێڕ لە هەلکشانە

یاسین