کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، هیچ حاڵەتێکی خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی لە چالاکیەکانی هەڵبژاردندا بەرچاو نەکەوتووه، هاوکات ئاماژەی دا سیستمێکی تایبەت بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن پەسەند کراوە.
حەسەن سەلمان، ڕاوێژکاری یاسایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان راگەیاند: “کۆمیسیۆن بەوپەڕی وریایی و پەرۆشەوە کاردەکات بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو، بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک رێکاری یاسایی، لەوانە ئەوانەی پەیوەستن بە پشکنینی ناوی کاندیدەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو دوور بێت لە هەر شتێک کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدای کارکردنی هەبێت.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئامادەکاری لۆجستی بۆ رۆژی هەڵبژاردن تەواو کراوه، بە بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتووی پشتڕاستکردنەوە کە کامێرای نوێیان تێدایە. ئەمە دەبێتە هۆی زیادکردنی کوالیتی بۆ بەرزکردنەوەی چاودێری و دڵنیابوون لە یەکپارچەیی رێکارەکان”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “تا ئێستا دوو تاقیکردنەوه ئەنجامدراوە، ئامادەکارییەکان بۆ سێیەمیان بەردەوامە بۆ پشتڕاستکردنەوەی کارایی ئامێرەکان و ئەو ستافەی سەرپەرشتییان دەکەن”.
سەبارەت بە پاراستنی سامانی گشتی، سەلمان ئاماژەی بەوەدا، “کۆمیسیۆن کۆمەڵێک رێسای دەرکردووە، لەوانەش رێسایەکی تایبەت بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن کە داوا لە لایەنەکان و هاوپەیمانییەکان و تاک کاندیدەکان دەکات پابەندبن بە رێوشوێنی تایبەت به پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن”. جەختیشی لەوە کردەوە کە “هەر پێشێلکارییەک لە خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی کە رەنگە ببێتە تاوانی هەڵبژاردن، سزای توندی بەسەردا دەسەپێنرێت، لەنێویاندا دوورخستنەوەیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن”.
ڕوونیشیکردەوە، “کۆمیسیۆن نزیکەی 19 لیژنەی سەرەکی لە فەرمانگەی نیشتمانی پێکهێناوە، جگە لە لیژنەکانی دیکە لە فەرمانگەکانی پارێزگاکان بۆ چاودێریکردنی هەر پێشێلکارییەک لەلایەن کاندیدەکانەوە کە دەکەوێتە چوارچێوەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن یان خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی بەڵام کۆمیسیۆن هێشتا هیچ حاڵەتێکی پێشێلکاریی دەستنیشان نەکردووە”.
روونیشیکردەوە، “هەر سەرپێچییەک بەپێی رێکارە یاساییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، دواتر بڕیارێک لەلایەن دەستەی کۆمسیارانەوە دەردەکرێت”.

