بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئامادەکاری دەکات بۆ راگەیاندنی جێگیرکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
کەناڵی جەزیرە لەسەر زاری ئەو بەرپرسەوە گواستیەوە کە “گۆڕینی شوێنی هێزەکانمان لەگەڵ لەپێشینە ستراتیژییەکانی ئیدارەی ترەمپ لە عێراق و ناوچەکەدایه.”
ئەم قسانه هاوکاتە لەگەڵ لێدوانی ئەمڕۆی پیت هیگسیس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە وتارێکدا لە بنکەی سەربازیی کوانتیکۆ لەبەردەم سەرکردەکانی سوپای ئەمریکا، کە گوتی: “یەکەمین ئەرکی ئێمە لە وەزارەتی جەنگ بریتی دەبێت لە ئامادەکاری بۆ جەنگ و خۆئامادەکردن بۆ سەرکەوتن بێ هیچ ساردبوونەوە و دواخستنێک.”
وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتی: “مێژوو فێرمان دەکات کە ئەوانە شایستەی ئاشتین کە ئامادەن بۆ پارێزگاری لێی بچنە ناو جەنگەوە. دەبێت ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە بەدەست بهێندرێت، یان دەبێت ئامادەی بردنەوە بین یان دۆڕان.”
هیگسیس ئاماژەی بەوەدا کە “ئەم ساتەوەختە پێویستی بە هێزی زیاتر، چەک، درۆن، سیستەمی پاتریۆت، ژێردەریایی و بۆمبهاوێژەکانی B-21 هەیە.”

