تیرۆرکردنی سیاسی لە عێراقدا ڕەنگدانەوەی ململانێی نێوان پارت و هێزە کێبڕکێکارەکان و سنوورەکانی ئەو ململانێیەن. پێگەى (الساعە)ى عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، لە ٢٢ ساڵدا ٤٢ کەسایەتیی سیاسی لە عێراقدا تیرۆر کراون.
تیرۆرکردن لە عێراقدا، وەکوو ئامرازێکی سیاسی، بووەتە یەکێک لە ڕێگاکان بۆ چەسپاندنی دەسەڵات، بەتایبەتی لە سایەی دۆخی ناسەقامگیریی ئەمنیدا.
تیرۆر ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە گۆڕەپانی سیاسیدا؛ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان زنجیرەیەک کرداریان ئەنجام دا کە ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانیان کردە ئامانج لە ململانێی تائیفیدا، بەتایبەتی لە ناوچە سوننەکان، کە ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارەکانیان ڕووبەڕووی سڕینەوەی سیستماتیکی بوونەتەوە لەسەر دەستی ئەو گرووپە چەکدارانە.
پرۆسەکانی تیرۆرکردنی سیاسی لە ساڵی ٢٠٠٣ دەستی پێکرد، کاتێک ٤ کەسایەتی سیاسیی دیار تیرۆر کران، لەوانە: محەمەد باقر حەکیم، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی، و عەبدولمەجید خویی، پیاوی ئایینی و سیاسەتمەدار کە کوڕی مەرجەعی باڵا ئەبوقاسم خویی بوو.
لە ساڵی ٢٠٠٤، پرۆسەکان نزیکەی دوو هێندە زیاد بوون بە تیرۆرکردنی ٧ کەسایەتیی سیاسی، دیارترینیان عیزەدین سەلیم، سەرۆکی خولی ئەنجومەنی حوکمڕانیی کاتی و لە ساڵی ٢٠٠٥، ١٤ سیاسەتمەداری دیار لەسەر دەستی کەسانی نەناسراو کوژران.
لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە، تیرۆرکردنی سیاسی دەستی بە کەمبوونەوە کرد، سەرەڕای بەردەوامبوونی تیرۆرکردنی مەدەنی بە شێوازە جیاوازەکان و لەلایەن جێبەجێکارانی جیاوازەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣، تیرۆرکردنی سیاسی گەڕایەوە گۆڕەپانەکە لەگەڵ دەستپێکی خراپبوونی دۆخی ئەمنی لە وڵاتدا، کاتێک ١١ کەسایەتیی سیاسی لەو ساڵەدا تیرۆر کران.
دوای ساڵی ٢٠١٣، ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی ڕێژەیی کەمی کرد، بەڵام بە تەواوی کۆتایی نەهات، چونکە بەردەوام بوو و بە تێکڕای یەک بۆ ٥ حاڵەتی تیرۆرکردن لە ساڵێکدا ڕوویان داوە.
ئەو شێوازانەى لە تیۆرەکان بەکار هاتوون: تەقەکردنی ڕاستەوخۆ: ٦٠%، تەقینەوەکان (بۆمب/ئۆتۆمبێل) ٣٠%، شێوازە تایبەتەکان (بێدەنگکەر، خۆکوژی): ١٠%.
تیرۆرکردنی سیاسی لە عێراقدا شێوازێکی بەردەوامە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، بەڵام لەگەڵ کێبڕکێی هەڵبژاردن و دەستوەردانی دەرەکیدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، قوربانییەکان لە پێکهاتە جیاوازەکان (شیعە، سوننە، کورد) بووە، هەڵبژاردنەکان زۆربەی کات پێش شەپۆلی تیرۆرکردنەکان دەکەون، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی توندیی ململانێکان.
هاوکات تیرۆرکردنی سەفا مەشهەدانی لە ساڵی ٢٠٢٥ ئاماژەیە بۆ ئەگەری گەڕانەوەی تیرۆری سیاسی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ١١/١١/٢٠٢٥، کە هەمیشە ئەو مەترسییە لەگەڵ هەڵبژاردنەکاندا دووبارە دەبێتەوە.

