وەزیری دەرەوە، فوئاد حوسێن، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە عێراق پاڵپشتی لە دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سوڵتانییەتی عومان دەکات، و جەختیشی کردەوە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت کە دەخوازێت کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێن، نەک بە لۆژیکی توندوتیژی.
فوئاد حوسێن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی، ژان نۆێل بارۆ، کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: “دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ئاگری شەڕ ئەرکی سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەیە و عێراق پێشوازی لەو دانوستانانە دەکات کە بڕیارە سبەی لە عومان لە نێوان نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا بەڕێوەبچێت.”
هاوکات ستایشی هەماهەنگییە ئەمنی، سەربازی و هەواڵگرییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسای کرد، جگە لە هاوکارییەکانی نێوانیان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
زیاتر وتیشی: “وەزارەتی بەرگری گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای (تالیس)ی فەرەنسی واژۆ کردووە بۆ کڕینی ڕاداری سەربازی”، هەروەها پێشوازی لە بەشداریی کۆمپانیا فەرەنسییەکان کرد لە خولی ٤٩ـەمینی پێشانگای نێودەوڵەتیی بەغداد.
سەبارەت بە دۆسیەی سووریا، فوئاد حوسێن ڕوونی کردەوە: “نەبوونی سەقامگیری لە سووریا کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی ناوچەکە و عێراق هەیە، بۆیە ئێمە پشتگیری لە ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەین، چونکە ناسەقامگیری لەوێ کاریگەری لەسەر دۆخی ئێمە دەبێت.”
لەلایەن خۆیەوە، ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی کردەوە کە “فەرەنسا پاڵپشتی لە بەستنی خولی سێیەمی کۆنگرەی بەغداد دەکات”، ئاماژەی بەوەش دا کە “سەقامگیریی عێراق پێویستە و وڵاتەکە بە قۆناغی بوژانەوەدا تێپەڕ دەبێت کە ئەمەش جێگەی ئومێدە بۆ ناوچەکە.”
بارۆ ئاماژەی بەوەش کرد: “فەرەنسا پاڵپشتی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات لە سایەی ئەو گرژییانەی ناوچەکەدا و ئەو مەترسییەی بۆ پەرەسەندنی سەربازی هەیە”، ڕوونیشیکردەوە کە “عێراق ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە وەرگرتنی دەستگیرکراوانی داعش و ئێمە پاڵپشتی ئەم هەڵوێستە دەکەین، هەروەها لە کاتی گفتوگۆکانماندا باسی دۆخی سووریا و ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدەمان کرد.”
هەواڵی داهاتوو

