zagros news agency

٩ کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگیدا

عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانی “تەسیم” ئاشکرای کرد کە چوارچێوەی هەماهەنگی بەنیازن لە کۆبوونەوەی سبەینێیاندا تاوتوێی ناوی ٩ کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت بکەن.
فایز بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە: “لە نێو ناوە کاندیدکراوەکاندا هەر یەکە لە: نوری مالیکی (سەرۆکی دەوڵەتی یاسا)، محەمەد شیاع سودانی (سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر)، حەیدەر عەبادی (سەرۆک وەزیرانی پێشووتر)، باسم بەدری (سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری)، موحسین مەندەلاوی (سەرۆکی پارتی ئەساس)، حەمید شەتری (سەرۆکی دەزگای هەواڵگری)، محەمەد ساحیب دەڕاجی (ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران)، عەلی شوکری (وەزیری پێشووتری پلاندانان) و قاسم ئەعرەجی (ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی) هەن.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا هیچ جیاکاری و لەپێشینەیەک لە نێوان کاندیدەکاندا نییە، و ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەی سبەینێ میکانیزمەکانی هەڵبژاردنی گونجاوترین کەس لە نێوانیاندا دیاری دەکات. فایز ڕوونیشیکردەوە کە “مالیکی هێشتا سوورە لەسەر کاندیدبوونی، سەرەڕای هەبوونی ناڕەزایەتی لەلایەن چەندین هێز و فراکسیۆنی سیاسییەوە.”
هەروەها وتی: “کۆبوونەوەکە لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، بەڕێوەدەچێت و مالیکیش ئامادەی دەبێت؛ ئەگەری هەیە کۆبوونەوەکە بە ڕێککەوتن لەسەر یەک کاندید یان دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ دیاریکردنی کەسایەتی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو کۆتایی بێت.”
لەلایەکی دیکەوە، ئەبو میساق مەساری، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی، جەختی کردەوە کە مالیکی تاکە کاندیدە کە دەنگی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەستهێنابێت.
مەساری بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: “ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی بیەوێت تاوتوێی لیستێکی نوێی ناوی کاندیدەکان بکات، دەبێت بە فەرمی لە کاندیدکردنی مالیکی پاشەکشە بکات و بە نووسراوێکی فەرمی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا ئاگادار بکاتەوە، ئینجا بگەڕێنەوە سەر پرسی هەڵبژاردنی کەسێکی شیاو بۆ ئەو پۆستە.”
زیاتر وتی: “پێویست بوو چوارچێوەی هەماهەنگی سەرۆک کۆمار لە کاندیدی خۆیان (مالیکی) ئاگادار بکەنەوە، بەڵام قسەوباس لەسەر هەبوونی ڕێککەوتنی سیاسی هەیە، بۆیە هەمووان چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەی سبەینێ دەکەن.”

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆمپانیای “BP”ی بەریتانی کارمەندەکانی لە پڕۆژە نەوتییەکانی کەرکوک دەکشێنێتەوە

سەڵاح

كۆمسیۆن ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ست پێده‌كات

سەڵاح

عێراق نرخی نەوتی خاوی بەسرە بۆ ئاسیا بەرز دەکاتەوە

دڵشاد