سەرکردەیەک لە یەکێک لە گرووپە چەکدارەکان، دەڵێت کە بڕیاری ڕاگرتنی هێرشەکان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناو عێراق و ناوچەکەدا، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو ئاگربەستەوە هەیە کە لە نێوان واشنتن و تاران ڕاگەیەندراوە، و هەر بەئامانجگرتنێکی نوێی ئێران ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنەکان بە “شێوەیەکی بەرفراوان”.
ئەو سەرکردەیە بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە: “ئەم ڕاگرتنە کاتی و مەرجدارە، هەر پێشێلکردنێکی ئاگربەستەکە، بەتایبەتی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بە گەڕانەوەی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنەکانی گرووپەکانی ناو بەرەکە وەڵام دەدرێتەوە، لەگەڵ ئەگەری پەرەپێدانی هێرشەکان بە شێوەیەکی گەورەتر لە پێشوو.”
ئەو سەرکردەیە، کە داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد: “بڕیاری ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئێستادا پەیوەندی بە هیچ نێوەندگیرییەکی ناوخۆیی یان گوشاری سیاسییەوە نییە، و هیچ دەستوەردانێک لەلایەن لایەنە سیاسییەکان یان حکومەتی عێراقەوە لەم بڕیارەدا نییە، ئەوەی ئێستا هەیە پابەندییەکی تاکتیکییە و تەنها بەستراوەتەوە بەو ماوەی هێورکردنەوەیەی کە ڕاگەیەندراوە.”
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “گرووپەکان لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنی ڕووداوەکان دەکەن و بژاردەکانیان بە کراوەیی دەمێننەوە ئەگەر بارودۆخی مەیدانی بگۆڕێت؛ قۆناغی داهاتوو بەستراوەتەوە بە ڕەفتاری لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، و بەردەوامیی ئارامی تەنها بەندە بە بەردەوامیی پابەندبوون بە ئاگربەستەکە و پەرەنەسەندنی گرژییەکان.”
ئەوەشی خستە ڕوو کە “هەماهەنگی بەرگری (تنسيقية المقاومة) چوار گرووپی سەرەکی لەخۆدەگرێت، کە ئەوانیش: کەتائیبی حیزبوڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەیدولشوهەدا، و بزووتنەوەی ئەنساروڵای ئەوفیا-ن.”

