جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەبوونی خۆی لە دانیشتنی تایبەت بە متمانەدان بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی ڕاگەیاند و دەڵێت: “ئامادەبوونمان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی دەستووری و ئەمانەتی نیشتمانییە.”
ڕۆژی یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، ئەتروشی بەشداری لەو دانیشتنە تایبەتەدا دەکات کە بۆ دەنگدان لەسەر حکومەتی نوێ و بەرنامە وەزارییەکەی عەلی زەیدی ساز دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەوە کردووەتەوە، بڕیاری بەشداریکردنیان لە “باوەڕیان بە پێویستی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان” سەرچاوەی گرتووە، بە ئامانجی چالاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
فەرهاد ئەتروشی ئاماژەی بەوەش کردووە، پاڵپشتیکردنی ئەم هەنگاوە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری، چەسپاندنی پایەکانی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتییە، جگە لەوەی دەبێتە هۆی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کە ئابووری وڵات بەرەو پێش دەبەن.
ئەم بڕیارەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە کاتێکدایە، بڕیارە لە دانیشتنێکی تایبەتدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی و کارنامەی حکومەتەکەی بدات، بۆ ئەوەی بە فەرمی دەستبەکار بن

