وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە “ڤایرۆسی هانتا” لە وڵاتەکەدا تۆمار نەکراوە و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە سیستەمی چاودێریی پەتاکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە.
ڕۆژی یەکشەممە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و ڕایگەیاند، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی نیگەرانییە تەندروستییەکان لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام عێراق خاڵییە لە ڤایرۆسی هانتا.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکی فەرمیدا ڕایگەیاند: “سیستەمی چاودێریی پەتاکان لە وڵاتدا بەهێز کراوە و هەموو فەرمانگە و دامەزراوە تەندروستییەکان ڕێنمایی زانستیی نوێیان پێ گەیشتووە، بۆ ئەوەی لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.”
ڤایرۆسی هانتا (Hantavirus) نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی مەترسیدارە، کە لە ڕێگەی ئاژەڵە قرتێنەرەکانەوە، بەتایبەت مشک و جرج بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسەکە کاریگەریی تووند دەکاتە سەر سیستەمی هەناسەدان و کارکردنی گورچیلەکان. لە ئێستادا چەند ناوچەیەکی جیهان وەک ئەمریکای لاتین، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕووسیا بەدەست بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە دەناڵێنن.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەیان پلانێکی فراوانی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی دەستپێکردووە، بە مەبەستی ناساندنی ڕێگەکانی گواستنەوە و چۆنیەتی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە. هەروەها تیمی تایبەت ڕاسپێردراون بۆ چاودێریکردنی هەر حاڵەتێکی گوماناوی لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی گشتیدا.
ئەم هەڵمەتەی وەزارەتی تەندروستی لە کاتێکدایە، کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و تێکچوونی هاوسەنگیی ژینگەیی، مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە گوازراوەکان لە جیهاندا ڕووی لە هەڵکشان کردووە.

