گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەباح ئەلنەعمان ڕایگەیاند کە پرسی کۆنتڕۆڵی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و هەڵوەشاندنەوەی هەر جووڵەیەکی چەکداریی دەرەوەی یاسا، پرسێکی بوونییە و شایەنی سازش لەسەرکردن نییە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەرگێڕانی سەرکەوتنە ئەمنییەکانە.
سەباح ئەلنەعمان گوتی:
هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی فالح زەیدی، لە قۆناغی پەرچەکردارەوە چوونەتە قۆناغی “بەرپەرچدانی ستراتیژی” و لەناوبردنی مەترسییەکان لە مێشکیاندا.
نەعمان جەختی کردەوە کە مەلەفی کۆنترۆڵکردنی چەک و هەڵوەشاندنەوەی هەر گروپێکی چەکداری دەرەوەی فەرماندەیی سەربازیی هاوبەش، هێڵێکی سوورە و سەردەمی ڕێککەوتن و سازش لەسەر حیسابی دەوڵەت کۆتایی هاتووە؛ هەر لایەنێکیش خۆی لە سەروو یاساوە ببینیێتەوە، بە هێزی گورزوەشێنی دەوڵەت ڕووبەڕووی دەبنەوە.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بە ڕێککەوتن و هەماهەنگیی ئاستبەرزی نێوان هێزە فیدراڵییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە کرد، کە لە دانوستانەکانی ئەم دواییەی هەولێردا ڕەنگی داوەتەوە، بەتایبەت بۆ پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان و دامەزراوە حەیاتییەکان، کە ئەمەش یەکڕیزیی بڕیاری ئەمنی بۆ پاراستنی سامانی نیشتمانی نیشان دەدات.
راشیگەیاند: هێزە ئەمنییەکان چاودێریی توندی سنوورەکان دەکەن بە سیستمی گەرمی، هاوکات شەڕێکی سەخت دژی تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی ماددەی هۆشبەر و هێرشە سایبرییەکان بەڕێوەدەبەن بۆ پاراستنی پرۆژە ستراتیژییەکان و گەشەی ئابووریی وڵات.

