لە چوارچێوەی بایەخدانی بەردەوامی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی تەندروستی، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی گشتگیر و بەرفراوان بۆ نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ڕزگاری لە شاری هەولێر دەستیپێکرد، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانە بۆ هاووڵاتییان.
ئەمڕۆ سێشەممە (7ـی تەممووزی 2026)، شەعبان چالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دەستپێکی کارەکان، سەردانی نەخۆشخانەی ڕزگارییان کرد و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی و ستافی پزیشکیی نەخۆشخانەکەوە پێشوازییان لێکرا.
پڕۆژەکە نۆژەنکردنەوەی تەواوی ژێرخانی نەخۆشخانەکە دەگرێتەوە، لەوانەش؛ هۆڵەکانی نەخۆش، بەشەکانی فریاکەوتن و ژوورەکانی نەشتەرگەری. هاوکات بڕیارە نوێترین تەکنەلۆژیا و ئامێری پزیشکی پێشکەوتوو بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکرێت و سیستەمەکانی ساردکەرەوە، گەرمکەرەوە و ڕووناکیش بە شێوازێکی هاوچەرخ نوێ بکرێنەوە، ئەمەش بە مەبەستی ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروستی گونجاو بۆ نەخۆشان و کارمەندانی پزیشکی.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ستراتیژێکی فراوانی بۆ گەشەپێدانی کەرتی تەندروستی گشتی گرتووەتە بەر، کە تێیدا لە ڕێگەی دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی ناوەندە پزیشکییەکان و دابینکردنی دەرمانی پێویست، هەوڵی جیدی دەدرێت بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان.
لە میانی بەسەرکردنەوەی ئەو بەشانەی کە کارەکانی نۆژەنکردنەوەیان تێدا ئەنجام دراوە، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە کرا بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان و بەرزکردنەوەی کوالێتی خزمەتگوزارییەکان، کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ژینگەی تەندروستی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان هەبووە.
نەخۆشخانەی ڕزگاری، وەک یەکێک لە گەورەترین و ستراتیژیترین نەخۆشخانە فێرکارییەکانی پایتەخت، ڕۆژانە پێشوازی لە سەدان نەخۆش دەکات. چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەیە ببێتە وەرچەرخانێکی گەورە لە کوالێتی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی شایستە بۆ پزیشکان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

