لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و پرۆسەی چاکسازی، گرنگییەکی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی کەلتووری خوێندنەوە لە ناو سزادراواندا دراوە.
بەپێی ئامارێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە، تەنها لە مانگی ڕابردوودا سزادراوان ٣,١٧١ دانە کتێبیان خوێندووەتەوە، کە ئەمەش نیشانەی ڕووبووکردنەوەی زیاتریانە بەرەو خوێندنەوە و خۆپێشخستن.
كتێبخانەی چاکسازییەکە کە لەلایەن هۆبەی توێژینەوەوە بەڕێوە دەبرێت، بە شێوازێکی سیستەماتیک ڕێکخراوە و٩,٦٥٣ دانە کتێب (٦,٤٧٧ ناونیشانی جیاواز) لە بوارەکانی ئایین، ئەدەب، کۆمەڵایەتی، دەروونناسی، مێژوو و زانستە گشتییەکاندا لەخۆدەگرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ڕێگەی ڕێکخستنی خول، سیمینار و چالاکیی ڕۆشنبیری بەردەوامە لە هاندانی سزادراوان، تاوەکو دوای تەواوکردنی سزاکانیان وەک تاکێکی هۆشیار و بەرپرسیار بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە.

