zagros news agency

دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێر ڕایگەیاندووە کە بەهۆی کەمبوونەوەی غاز و هەندێک کێشەی تەکنیکی، ئاستی پێدانی کارەبا لە پارێزگای هەولێر کەمبووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا هەولێر ناتوانێت نزیکەی ٥٠٪ی پێداویستییەکانی بە کارەبا دابین بکات، بەڵام تیمەکانی کارەبا بەردەوامن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی وێستگەکان، بۆ ئەوەی دۆخی کارەبا بگەڕێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێر سێ هۆکاری سەرەکی بۆ کەمبوونەوەی پێدانی کارەبا دیاریکردووە:

  • یەکەم: کەمبوونەوەی بڕی غاز کە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەنێردرێت؛ ئەم کێشەیە سێ ڕۆژە بەردەوامە.
  • دووەم: سووتانی بگۆڕی ١٣٢ کەیڤی شەمامک، کە چاککردنەوەی بووەتە هۆی زیادبوونی بار لەسەر بگۆڕەکانی دیکە و ناچاربوون بە کوژاندنەوەی بەشێکیان.
  • سێیەم: ناردنی ٣٠٠ مێگاوات کارەبا لەلایەن سێ یەکەی بەرهەمهێنانەوە بۆ ناوچەکانی دیکە لە دەرەوەی پارێزگای هەولێر.

لە هەمان کاتدا، بەشێک لە پچڕان و کەمبوونەوەی کاتییەکانی کارەبا پەیوەندی بە پرۆژەکانی چاککردنەوە و نوێکردنەوەی هێڵەکان و بگۆڕەکانی تۆڕەکەوە هەیە. بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا ئەم کارانە بە هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ ئامادەکاریی وەرزی زستان دەزانێت، چونکە لەو وەرزەدا داواکاریی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی کارەبا زیاد دەکات.

بەپێی ڕاگەیاندنەکە، فشارەکە لەسەر تۆڕی کارەبای هەولێر تا تەواوبوونی چاککردنەوەی بگۆڕی سووتاوەکەی شەمامک و گەڕانەوەی بۆ کار بەردەوام دەبێت.

بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا دڵنیایی داوە کە بەردەوامبوونی کارە چاککارییەکان دەبێتە هۆی باشترکردنی دۆخەکە و هیوایە تا سبەی چوارشەممە پێدانی کارەبا بگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی.

هەواڵی پەیوەندیدار

دەرگای سایلۆکانی هەرێم بەڕووی جوتیاران دەکرێتەوە

سەڵاح

دادگایه‌كی به‌غدا سكاڵایه‌كی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق دژی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌ت كرده‌وه‌

سەڵاح

نرخی نان لە پایتەختی ئێران لە نێوان ٤٠ بۆ ٦٦٪ گران کرا

سەڵاح