لەکاتێکدا عێراق بەرەو وادەی ٣٠ی ئەیلوول و کشانەوەی کۆتایی هێزەکانی هاوپەیمانان دەچێت، دکتۆر جەگەر هەرکی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە سەروەریی راستەقینە کاتێک دێت کە دەوڵەت خاوەنی بڕیاری جەنگ و ئاشتی بێت و کۆنتڕۆڵی چەک و ئاسمان و سنوورەکان بکات. هۆشدارییش دەدات لەوەی کە بێ بوونی هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی دەکرێت هەڕەشەی نوێ دروست بکاتەوە.
دکتۆر جەگەر هەرکی، پەرلەمانتاری کوردستان، بۆ زاگرۆس گوتی: «بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق بڕیارێکی لەناکاوی حکوومەتی ئێستا نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی بەغدا و واشنتن لە ئەیلوولی ٢٠٢٤ داڕێژراوە و جێبەجێکردنەکەی کەوتووەتە ئەستۆی حکوومەتی ئێستا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەرکی هاوپەیمانان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش کۆتایی هات و باوەڕ وابوو هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق توانای کۆنتڕۆڵکردنی داعشیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکەوتی ۳۰ی ئەیلوول کە بە ڕۆژی “Fixed and Final” ناسراوە، ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی قورس دەبێتەوە؛ چونکە پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا دەوڵەتی عێراق دەتوانێت مۆنۆپۆڵی چەک و بڕیاری جەنگ و ئاشتی بگرێتە دەست، لەکاتێکدا زۆر لە گرووپە چەکدارەکان ئامادە نین چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەت بکەن؟».
لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر جەگەر هەرکی باس لەوەش دەکات: “کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق قۆناغێکی هەستیارە، بەڵام پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە سەروەریی راستەقینەی دەوڵەت تەنیا بە چۆڵکردنی سەربازگەی بیانی بەدەست نایەت؛ بەڵکوو کاتێک بەرجەستە دەبێت کە حکوومەتی فیدڕاڵ خاوەنی سەروەریی تەواو بێت بەسەر چەکدا، کۆنتڕۆڵی ئاسمانی و سنوورەکانی بکات و مۆنۆپۆڵی بڕیاری جەنگ و ئاشتی بگرێتە دەست.”
ئەوەشی خستە روو: «سەبارەت بە لایەنی سەربازی و ئەمنی، هەرچەندە عێراق ڕەنگە هێزی زەمینیی پێویستی هەبێت، بەڵام نەبوونی چاودێری، سیستەمی بەرگری و هێزی ئاسمانی دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی و سەرهەڵدانەوەی خانە نووستووەکانی داعش. هەر بۆیە لەم قۆناغەدا پێویستە بۆشایی ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە پڕبکرێنەوە و حکوومەتی فیدڕاڵیش بەرپرسیارێتیی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە مووشەک و درۆن بگرێتە ئەستۆ، تا ئەزموونی تاڵی ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٤ دووبارە نەبێتەوە.»
لەکۆتاییدا، شارەزایان پێیان وابوو کە دواخستنی کشانەوەی ئەو ٢٥٠٠ سەربازە ئەمریکییە بژاردەیەکی گونجاوتر دەبوو، چونکە هێزەکان لە بوارەکانی زانیاریی سەربازی، بەرگریی ئاسمانی، لۆجستیکی، ڕاوێژکاری و ڕاهێنانی پێشکەوتوودا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبووە.

