بە مەبەستی هاوکاربوون لە چارسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە و بەخشینی هیوا بە ژیانیان، هونەرمەند کەمال محەممەد کۆنسێرتێک لە هەولێر سازدەکات و داهاتەکەی بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی تەرخان دەکرێت.
ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی نانەکەلی فێرکاری لە هەولێر، ڕایگەیاند، کۆنسێرتێکی خێرخوازیی گەورە بۆ هونەرمەندی دیار و خۆشەویست کەمال محەممەد ساز دەکرێت، کە تەواوی داهاتەکەی بۆ هاوکاری و چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەیان تەرخان دەکرێت.
کۆنسێرتەکە لە ژێر دروشمی “ژوانێک لەگەڵ هونەر بۆ پشتگیری لە ژیان“ بەڕێوەدەچێت و دەرفەتێکە بۆ هۆگرانی هونەر، وێڕای چێژوەرگرتن لە ئاواز و گۆرانییەکانی کەمال محەممەد، ببنە بەشێک لە دیارییەکی مرۆیی بۆ پشتیوانیکردنی تووشبووانی شێرپەنجە.
کۆنسێرتەکە کاتژمێر 5ـی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 5ـی 10ـی 2026، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر سازدەکرێت.
ئارەزوومەندانی بەشداریکردن لەم چالاکییە هونەرییە خێرخوازییە، دەتوانن لەم شوێنانەی بلیتی کۆنسێرتەکە بەدەست بێنن: نەخۆشخانەی نانەکەلی، ئەربیل ئەڤینیۆ، چایخانەی مەچکۆ، ڕێستۆرانتی شەغەف لە پارک ڤیو و بەردەم هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا (لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکەدا بلیت لەم شوێنە بەردەست دەبێت).

