کەناڵی سپێدەی یەکگرتووی ئیسلامی، کە خۆی پێ بە دەستنوێژە و بە ئاڕاستەی دین و ئیمانداری کار دەکات و وەها خۆی وێنا دەکات کە جیاواز لە وانی دیکە پەخشی پڕۆگرام و بەرنامەکانی دەکات، لە سەر ئەو بنەمایە دەبێت ئەو کەناڵە دوور لە چەواشەکاریی بابەت و پرسەکان وەک خۆی بگەێنێت بە بینەرانی.
کەچی بەداخەوە ئەو کەناڵە مونافیق و دوو ڕووە، دوور لە هەموو بنەمایەکی ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی، ئەمڕۆ سەبارەت بە کردنەوەی هەردوو هۆڵی ” نەشتەرگەری و چاودێری چڕی “ی نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، زۆر نا بەرپرسانە و دوور لە ڕەوشت و ئادابی کاری میدیایی، ڕاستیەکانیی شێواندووە و بۆختانی بەخشیوەتەوە.
ئێمە دەزانین ئەو کاناڵە مونافیقە، چاووی بەو پڕۆژە و کارانە هەڵنایەت، کە سەرەڕایی زوڵم و ستەمی بەغدا دەرهەق بە هەرێمی کوردستان و بڕینی بوودجە و مووچە و قوتی هاوڵاتییانی، لە هەولێری پایتەخت بۆ خزمەتی هاوڵاتییان ئەنجامدەدرێت.
تەنها لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، جگە لە نۆژەنکردنەوەی ئەو دوو هۆڵەی ئەمڕۆ، کە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر کرایەوە، لە چوارچێوەى گرنگیدان بە کەرتى تەندروستیى و باشترکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بۆ هاوڵاتییان و بەرزکردنەوەى کوالێتى نەخۆشخانە گشتییەکان، بە گووژمەی ( 2 ملیار و 838 ملیۆن و 800 هەزار دینار ) لەسەر بودجەی پارێزگا لە پێشووتردا بەشەکانی ( بوژانەوەی دڵ، ڕوو و شەویلاک و ددان، ئیسک و شکان ) نۆژەنکراوەتە، ئەوە جگە لە قیڕتاوکردنی شەقام و چاککردنی شوستەکانی ناو نەخۆشخانەکە، لە ئێستاشدا چەند بەشێکی دیکەی نەخۆشخانەکە لە نوژەنکردنەوە دایە، هەر ئەمرۆش پارێزگاری هەولێر بریاریدا بەشی ڕاوێژکاریی نەخۆشخانەکە بە باشترین شێوە و بە دیزاینێکی سەردەمیانە نوژەن بکرێتەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتریی هاوڵاتیانی شاری هەولێری خوشەویست.
لە وەڵامی بڕو و بوختان و چەواشەکارییەکانی ئێوەش، بۆ ڕای گشتیی ڕایدەگەێنین، کە بەشی ( چاودێری چڕ و هۆلەکانی نشتەرگەری گشتیی) نەخۆشخانەکە، ئەمڕۆ دوای کردنەوەی لەلایەن پارێزگاری هەولێر، تیمە تەندروستیەکان ڕاستەوخۆ دەست بە کاربوون و کەوتنە خزمەتی هاوڵاتییان و چارەسەری نەخۆشەکان. نەک وەک بڕو و بوختانی ئێوە، کە گوایە بە هۆی سەردانی پارێزگاری هەولێر بۆ نەخۆشخانەکە سەرجەم نەشتەرگەرییەکان بۆ دوای جەژن دواخراوون.
بە مافی خۆمانی دەزانین لەسەر ئەو بابەتە سبەی لە دادگا سکاڵایی یاسایی خۆمان لە سەرتان تۆمار بکەین، ئەوکات ئازابن لە بەردەم دادگا بەرگری لە چەواشەکاریەکانتان بکەن، ئەوەش بۆ ئەوەی چیتر ئێوە و کەسانی تریش جورئەت نەکەن هەواڵی چەواشەکاریی و بڕو و بوختان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک بڵاو بکەنەوە.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
2025.6.4

