ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

لێدوانێك لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە سەبارەت بە ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨ی ئاداری ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی دا بە تەرخانكردنی گوژمەی پێویست بۆ پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتیشی: بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە فەرمانی كرد كە پرۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە جێبەجێ بكرێت و دوای ئەوەی كە لەسەر فەرمانی جەنابیان سەردانی پارێزگەی هەڵەبجەمان كرد و لە وەزارەت وردەكاریی پرۆژەكەمان دراسەت كرد و دواتر بۆ نووسینگەی جەنابی سەرۆكوەزیرانمان بەرزكردەوە، بە سوپاسەوە لە ڕۆژی ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٤، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان فەرمانی دا بە تەرخانكردنی ئەو گوژمەیەی كە پێویستە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە و پێدانی دەسەڵات پێمان بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی پرۆژەكە بەزووترین كات دەست پێ بكەین و جێبەجێی بكەین.
سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەكە و كاریگەریی لەسەر ڕێكخستنەوە و پێشخستن و گەشەپێدانی شاری هەڵەبجە، ساسان عەونی، دەڵێت: ماستەرپلانی هەڵەبجە لە ئەولەویەتی پرۆژەكانی حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە لە بواری دروستكردنی ماستەرپلان بۆ شار و شارۆچەكان، چونكە دەبێتە هۆی بووژانەوە و پەرەپێدان و گەشەسەندنی شاری هەڵەبجە لە هەموو ڕووێكەوە دەبێتە بنەمای ژێرخانی شارەكە، ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی فراوانە و سەرجەم سێكتەرە گرنگەكانی شارەكە لەخۆدەگرێت و لە داهاتوودا هەڵەبجە قۆناغێكی نوێ و پێشكەوتوو بەخۆیەوە دەبینێت. لە پرۆژەی ماستەرپلانەكەدا، لایەنە كاریگەرەكانی وەكوو ئاراستەی فراوانبوونی شار و بەكارهێنانی زەوی و دیاریكردنی ناوچەی پیشەسازی، نیشتەجێ، كشتوكاڵی، گەشتیاری، بازرگانی، خزمەتگوزارییە گشتییە پێویستەكان دیاری دەكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی فاكتەرە ژینگەیی، دیمۆگرافی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، تەندروستی و پەروەردەییەكان و چەندین بواری دیكەی پەیوەست بەو بابەتە، هەروەها پێگەی مێژوویی هەڵەبجە و ڕۆڵ و كاریگەری ئەم شارە لەبەرچاو دەگیرێت.
سەبارەت بە كاریگەریی بڕیارەكەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان بە تەرخانكردنی گوژمەی پێویست و هەنگاوەكانی داهاتووی پرۆژەكە، ساسان عەونی دەڵێت: دوای بڕیاری تەرخانكردنی گوژمەكە لەلایەن بەڕێز سەرۆكوەزیرانەوە، كارەكانی پرۆژەكە پێدەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتووەوە و پرۆسەی كاركردن خێراتر دەبێت و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سۆران… چوار کەس لە کافتریایەکدا دەستگیر کران

دڵشاد

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری و ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان

یاسین

دارایی عێراق بڕێك پاره‌ی بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان نارد

یاسین