بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە 89 هەزار کەس ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار کردووە، لەبەر زۆری خواست، ئەمساڵ مەرجێک زیادکراوە.
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: ئامادەکارییەکان بە کۆتا گەیشتوون بڕیارە سبەی کاتژمێر ١١ بەیانی تیروپشک بۆ ناوی کەسانە دەکرێت، کە بۆ وەرزی حەجی 2026 خۆیان تۆمارکردووە، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار ناو تۆمارکردن بۆ فەریزەی حەج بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچووە، لەبەر تازەیی سیستمەکە پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی ناوەکان و ڕێکارەکانی دیکە ماوەیەکی زیاتری خایاند، بۆیە ئەنجامدانی تیروپشکەکە بۆ ئەمساڵ کەمێک دواکەوتووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گووتی: 89 هەزار کەس ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار کردووە، لەبەر زۆری خواست، ئەمساڵ مەرجێک زیادکراوە ئەگەر کەسێک پێشتر فەریزەی حەجی ئەنجام دا بێت، ناوی ناچێتە نێو تیروپشکەکەوە، هەربۆیە هەزاران ناو دەرهێنراوە و دوورخراونەتەوە.
هەروەها کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێزدار ( مەسرور بارزانی )بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی ناو تۆمارکردن بۆ حەج هاوکارییەکی باشی هاووڵاتیانی کردووە و بارگرانی کەمکردووەتە، چونکە لەم سیستمە ناو تۆمارکردن بێبەرانبەرە. بەڵام پێشووتر هەرکەسێک ناوی بۆ حەج تۆمار بکردایە، دەبوایە بڕی 50 هەزار دیناری بدات، دواتریش ئەم بڕە کەمکرایەوە بۆ 25 هەزار دینار. ئەمەش جێبەجێکردنی یەکێک لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، کە کەمکردنەوەی ڕۆتینە لە ڕێگەی بە ئەلیکترۆنیکردنی کارەکان.
رێباز یونس

