ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان، پێشوازی لە میرۆسلاڤ پرلێڤیچ، پسپۆڕی هەواڵگری تاوان لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان (UNODC) و شاندی یاوەری کرد.
لە کۆوبوونەوەیەکدا، تیشک خرایە سەر هەر یەک لە پرسەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ، شوێنبزربووانی زۆرەملێ، تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و چۆنیەتی گوونجاندنی سیاسەتە ناوخۆییەکان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتیەکان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، باس لە ڕۆڵی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کرا لە هەماهەنگی کردن لەگەڵ نوێنەرانی هەموو دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی ئیتحادی، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ.
لەکۆتاییدا، هەردوولا جەختیان کردە سەر گرنگی ڕەخساندنی بەرنامەی تایبەت بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و پێشخستنی بنیادنان و پەرەپێدانی کاری دامەزراوەکان.

