zagros news agency

بانگەوازی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ هێورکردنەوە و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیری، لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی

​لەژێر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتە خێرا و ئاڵۆزییانەی ئەمڕۆ ناوچەکە بەخۆوە دەبینێت، و هێرشکردنە سەر سەروەریی وڵاتە خۆشەویستەکەمان، ئەو ڕووداوانەی دەگوزەرێن جێگەی نیگەرانییەکی قووڵن، بەتایبەت بەهۆی ئەو لێکەوتە مەترسیدارانەی کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش، سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی، کە دوایینیان بۆردومانکردنی ماڵی بەڕێز “نێچیرڤان بارزانی” سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو. ئەم دەستدرێژییە بە پێشێلکارییەکی مەترسیداری ئاسایش و سەقامگیری و بەزاندنی هەموو نەریت و یاساکان دادەنرێت، لەوانەش پرەنسیپەکانی ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و بەکارنەهێنانی هێز، بۆیە ئیدانەی دەکەین.

​ئەم بارودۆخە وا دەخوازێت کە هەموو لایەک پابەند بین بەو پرەنسیپانەی لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا چەسپاون، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەوەی لە پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، بەتایبەتی ماددەی (2/4) کە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دژی سەلامەتیی خاک یان سەربەخۆیی سیاسیی هەر دەوڵەتێک قەدەغە دەکات، هەروەها ماددەی (33) کە لایەنە ناکۆکەکان پابەند دەکات “سەرەتا لە ڕێگەی وتووێژ، لێکۆڵینەوە، نێوەندگیری، ئاشتەوایی، ناوبژیوانی و یەکلاکردنەوەی دادوەرییەوە چارەسەر بگەڕێنن”. هەروەها یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی، بەتایبەتی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤی ساڵی ١٩٤٩، جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی خەڵکی سڤیل و دوورخستنەوەیان لە کردە سەربازییەکان لە کاتی ململانێکاندا دەکاتەوە.

​لەسەر ئاستی ناوخۆیی، عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێکی زیندووی ئاشتیخوازە، نەک لایەنێک لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. هەوڵدان بۆ تێوەگلانی هەرێم لەم ململانێیانەدا، پێشێلکردنی ئەو پابەندییە دەستوورییانەیە کە پاراستنی عێراق و پێکهاتەکانی گەرەنتی دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، دەستووری کۆماری عێراق ئەم پرەنسیپانەی چەسپاندووە، هەروەک لە ماددەی (٨)ی دەستووردا هاتووە کە “عێراق ڕەچاوی بنەمای هاوسێیەتیی وڵاتان دەکات و پابەند دەبێت بە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە ڕێگەی ئاشتییانە”. هەروەها ماددەی (١٥) جەختی کردووەتەوە کە هەر تاکێک مافی ژیان، ئاسایش و ئازادیی هەیە، و دروست نییە لەم مافانە بێبەش بکرێت مەگەر بەپێی یاسا و لەسەر بنەمای بڕیارێکی لایەنی دادوەریی تایبەتمەند.

​لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە داوای پاراستنی هەرێم دەکەین لە هەر لێکەوتەیەکی ململانێ دەرەکییەکان، و پێویستیی ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی وەک ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر، و پابەندبوون بە بڕیاری “دوورەپەرێزی” لە سیاسەتی جەمسەربەندییەکان. دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک لایەنێک نەبووە لەم ململانێیانەدا، بەڵکو هەمیشە نموونەیەک بووە بۆ ئارامی و سەقامگیری؛ بۆیە جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی لە بازنەی ململانێ و کێشە هەرێمییەکان، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییانیدا.
​لەلایەکی دیکەوە، مافی ژیان یەکێکە لە باڵاترین و پیرۆزترین مافەکانی مرۆڤ؛ مافێکی ڕەسەنە کە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان گەرەنتییان کردووە، لە سەروو هەمووشیانەوە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ کە لە ماددەی سێیەمدا جەختی کردووەتەوە کە هەر تاکێک مافی ژیان، ئازادی و پارێزراویی کەسیی خۆی هەیە. بۆیە، داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین ڕێز لەم مافە بگرن و بیپارێزن، و کار بکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کارێک کە ژیانی خەڵکی سڤیل بخاتە مەترسییەوە.
​لە کۆتاییدا، دووبارە داوا دەکەین زمانی گفتوگۆ و دایەلۆگ زاڵ بێت و پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی هەبێت، بەجۆرێک کە پاراستنی مرۆڤ و پاراستنی شکۆیی مسۆگەر بکات و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدی بهێنێت.
​جەخت دەکەینەوە کە بەردەوامیی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان، بەرژەوەندییەکی نیشتمانیی عێراقی و پێویستییەکی هەرێمییە، و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ئاسایشیان تەنها بژاردەیەک نییە، بەڵکو پابەندییەکی یاسایی و ئەخلاقییە کە دەستوور و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان سەپاندوویانە.
​درود بۆ شەهیدانی ئەم جەنگە نەخوازراوە و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران، ئاشتی بۆ گەل و خاکەکەی.

​دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان

٢٩ی نیسانی٢٠٢٦

هەواڵی پەیوەندیدار

تا کۆتاییی ساڵ هەزار ئامێری پارەدەر (ATM) لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێن

سەڵاح

نووری مالیکی: کێشەی هەولێر و بەغدا بە ڕێککەوتنی کاتی چارەسەر ناکرێت

سەڵاح

سندوس حوسێن : خەلكی هەلەبجە دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن

گوران