بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بارودۆخی ناوچەکە تاوتوێ کران.
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ ئەنقەرە، لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەلایەن موسا کوڵاکڵی کایا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پێشوازی لێکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا کرا. هاوکات بارودۆخ و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە بە گشتی و دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگی و بەردەوامیی پەیوەندییە دوولایەنەکان کردەوە، بە مەبەستی دەستبەرکردنی ئاسایش و چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئەم سەردانەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان و تورکیا خاوەن پەیوەندییەکی مێژوویین لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و ئەمنیدا و بەردەوام جەخت لە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە دەکرێتەوە.

