zagros news agency

وەزارەتی داد ڕێکاری نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ساختەکاریی پەنجەمۆر و ئیمزا دەگرێتەبەر

وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی پاراستنی مافی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ساختەکارییەک لە ئیمزا و پەنجەمۆردا، گشتاندنێکی نوێی ئاڕاستەی سەرجەم فەرمانگەکانی دادنوسی کرد و تێیدا کۆمەڵێک مەرجی توند و وردی بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکان دیاریکرد.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی داد، کە پشت بە نووسراوێکی لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی ناوخۆ دەبەستێت (ڕێکەوتی ٢٨-٤-٢٠٢٦)، داوا لە سەرجەم دادنوسەکان کراوە لە کاتی وەرگرتنی پەنجەمۆر لەسەر مامەڵە دادییەکان، بە وردی پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:

مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتنی پەنجەمۆر:

ئامادەبوونی خاوەن مامەڵە: دەبێت خودی کەسەکە ئامادەبێت و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت کەسێکی دیکە لە جیاتی ئەو پەنجەمۆر بکات.

دڵنیابوونەوە لە ڕاستی پەنجە: پێویستە دادنوس دڵنیابێتەوە کە پەنجەی کەسەکە پاکە و “ڕاستەقینەیە”، نەک پەنجەی دەستکرد یان هەر شێوازێکی تری ساختەکاری بەکارهاتبێت.

شێوازی پەنجەمۆرەکە: نابێت لە کاتی پەنجەمۆرکردندا پەنجەکە بسووڕێت یان بخزێت کە ببێتە هۆی تێکچوونی نەخشی پەنجەکە؛ هەروەها دەبێت بڕی مرەکەبەکە گونجاو بێت.

شوێنی پەنجەمۆر: نابێت پەنجەمۆر بکەوێتە سەر نووسینەکان. پێویستە لە شوێنێکی بەتاڵ، لەسەر ناوەکە یان لە تەنیشتی بێت.

ڕێزبەندی پەنجەکان: ئەولەویەت بۆ پەنجە گەورەی دەستی چەپە؛ ئەگەر نەبوو، پەنجە گەورەی دەستی ڕاست، و لە کاتی نەبوونی ئەوانەشدا پەنجەکانی دیکە بەکاردێن.

قەدەغەکردنی دووبارە مۆرکردن: بە هیچ شێوەیەک نابێت دوو پەنجەمۆر لەسەر یەک بن. ئەگەر پەنجەمۆرەکە ناڕێک دەرچوو، دەبێت لە تەنیشتی دووبارە بکرێتەوە و ئاماژەی پێبدرێت.

ڕەنگی مرەکەب: تەنیا بەکارهێنانی ستامپی ڕەنگی (شین یان ڕەش) ڕێگەپێدراوە.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی داد لە چوارچێوەی هەوڵەکان دێت بۆ کەمکردنەوەی کێشە یاساییەکان و پاراستنی سەروەت و سامانی هاووڵاتییان، تاوەکو ڕێگە لەو کەسانە بگرێت کە لە ڕێگەی ساختەکردنی ئیمزا و پەنجەمۆرەوە زیان بە مافی خەڵک دەگەیێنن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕوونکردنەوەیەک لە پارێزگاری هەولێرەوە

دڵشاد

گروپێکی سەر بە پەیەدە نووسینگەی پارتی دیموکراتی سووریا لە قامیشلوویان سووتاند

یاسین

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی حکومەت،هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا داوای سزادانی هێرشبەرانی کۆرمۆر دەکات

سەڵاح