zagros news agency

هەولێر؛ بۆ پاراستنی دارستان و دەغڵودان پلانی “ئاگر بڕ” جێبەجێ دەکرێت

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەهۆی چڕی سەوزایی و گژوگیا کە ئەنجامی بارانبارینی زۆری ئەمساڵە، پلانێکی گشتگیر بۆ “ئاگر بڕ” و پاراستنی دارستان و دەغڵودانی جووتیاران جێبەجێ دەکرێت. ئومێد خۆشناویش دەڵێت: “پێویستمان بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە و پێشوەختە هەیە.”

ڕۆژی چوارشەممە، 2026/5/20، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە و سامانی هاووڵاتییان لە وەرزی گەرمادا بەڕێوەچوو.

مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە لە هاوینی ئەمساڵدا

لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە بارانبارینی زۆری ئەمساڵ مەترسیی وشکەساڵی ڕەواندەوە، بەڵام بووەتە هۆی شینبوونی چڕی سەوزایی لە دەشتایی و بناری چیاکان. ئومێد خۆشناو هۆشداری دا کە “وشکبوونی ئەم گژوگیایە لەگەڵ هاتنی هاوین، مەترسییەکی گەورەی ئاگرکەوتنەوە بۆ سەر دەغڵودانی جووتیاران و هاوسەنگیی ژینگە دروست دەکات.”

ڕێکارەکان و پلانی “ئاگر بڕ”

پارێزگاری هەولێر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە دەستبەجێ دەست بەم هەنگاوانە بکەن:

جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی “ئاگر بڕ” لە دەوروبەری گوند و شارۆچکەکان.

پاککردنەوەی ناوچە کشتوکاڵییەکان، شوێنە گشتییەکان و دوورگەی ناوەندیی شەقامەکان.

بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانییەکان.

پشکنینی بازاڕ و ناوچە پیشەسازییەکان

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕێگریکردن لە “شۆرتی کارەبا”. جەخت کرایەوە کە پێویستە پشکنینی مەیدانی بۆ سیستەمی کارەبا و ئامرازەکانی ئاگرکوژێنەوە لە کۆگا گەورەکان، بازاڕە میللییەکان و ناوچە پیشەسازییەکان بکرێت، تاوەکو ڕێگری لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو بگیرێت.

پەیامێک بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگای هەولێر داوای لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کرد، لە کاتی سەردانیکردنی سەیرانگەکاندا بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن. داواکراوە پێش جێهێشتنی شوێنەکان دڵنیابنەوە لە کوژاندنەوەی ئاگر، هەروەها پاشماوەی جگەرە و کەلوپەلە شووشە و کانزاییەکان فڕێ نەدەن، چونکە لەژێر تیشکی خۆردا دەبنە هۆی هەڵگیرسانی ئاگر.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕاپۆرتێکی نهێنی: ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی زیاد کردووە

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌

سەڵاح

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات کۆبووەوە

دڵشاد