zagros news agency

لە هەولێر 6500 پارچە زەوی دیکە دابەشکران؛ ژمارەی سوودمەندبووان 42 هەزار کەسی تێپەڕاند

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری هەولێر، قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خاوەن مافەکاندا بەڕێوەچوو. تێیدا تیروپشک بۆ 6 هەزار و 500 پارچە زەوی کرا و بەرپرسانی شارەکەش دەڵێن، پڕۆسەکە تاوەکو سوودمەندبوونی دوایین فەرمانبەر بەردەوام دەبێت.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-05-2026، بە سەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، حەوتەمین قۆناغی دابەشکردنی زەوی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئەنجامدرا.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو زەوییانەی ئەمڕۆ تیروپشکیان بۆ کراوە بەمشێوەیە دابەشکراون:

3,500 پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی.

3,000 پارچە زەوی بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن مافەکان.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و شوکریە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی ئامادەی بوون، وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆسەیە لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە مەبەستی خزمەتکردنی فەرمانبەران و باشکردنی بژێوییان.

ئامارەکان چی دەڵێن؟
بەپێی ئەو ئامارانەی لە کاتی تیروپشکەکەدا خرانە ڕوو:

نزیکەی 82 هەزار فەرمانبەری سەربازی و مەدەنی ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە.

لە شەش قۆناغی ڕابردوودا 38 هەزار و 400 پارچە زەوی دابەشکرابوون.

بە کۆتاییهاتنی قۆناغی حەوتەم، کۆی گشتیی زەوییە دابەشکراوەکان گەیشتە زیاتر لە 42 هەزار پارچە زەوی.

بەرپرسانی هەولێر دڵنیاییان دایە ئەو فەرمانبەر، پێشمەرگە و خانەنشینانەی کە تاوەکو ئێستا زەوییان وەرنەگرتووە و ڕایانگەیاند: “تیمەکانی شارەوانی و نەخشەدانان شەو و ڕۆژ دەخەنە سەر یەک بۆ ڕاییکردنی کاروباری یاسایی و تەکنیکیی زەوییەکان، پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو ئەوانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، دەبنە خاوەنی زەویی خۆیان.”

بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، دەگەڕێتەوە بۆ 27ی ئاداری 2024، کاتێک ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت، چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و فەرمانبەران دەرکرد، کە گرنگترینیان پێدانی 200 مەتر زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

دوای ئەوەی دووجار درێژکرایەوە سبه‌ی واده‌ی مامه‌ڵه‌ی حاجیان ته‌واو ده‌بێت

یاسین

دەم پارتی داوا دەکات زمانی کوردی لە تورکیا بکرێت بە زمانی فەرمی

سەڵاح

رێكارەکانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر و مامۆستایان دەستی پێكرد

یاسین