zagros news agency

بۆ پەرەپێدانی سیستەمی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان؛ ناوەندی JCC و ڕێکخراوی VNGـی هۆڵەندی یاداشتنامەیەکیان واژوو کرد

رۆژی پێنجشەممە، ٥ـی ئایاری ٢٠٢٦، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا و کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و ڕێکخراوی VNGـی هۆڵەندی واژوو کرا، کە ئامانج لێی پەرەپێدانی تواناگۆڕینەوە و بەهێزکردنی ژێرخانی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانە لە هەرێمی کوردستان.

لە مەراسیمەکەدا، کە هەر یەکە لە “سروە ڕەسول” بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، “ئادریان ئایسلستین” کونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا و “خاتوو ڕەوشەن” سەرۆکی ڕێکخراوی VNG ئامادەی بوون، جەخت لەسەر هەماهەنگییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە.

ئامانجی یاداشتنامەکە
ئەم ڕێککەوتنە لە چەند تەوەرەیەکی سەرەکیدا چڕ دەبێتەوە، لەوانە:
١. بەرزکردنەوەی ئاستی سیستەمی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستان.
٢. پەرەپێدانی توانای کۆمەڵگە خۆجێییەکان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە نائاساییەکان.
٣. کارکردن لەسەر پرسی ئاوارە و پەنابەران وەک یەکێک لە تەوەرە بنەڕەتییەکانی کارنامەی هاوبەشی هەردوولا.

لەلایەن خۆیەوە، سروە ڕەسول، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی JCC، سوپاسی کونسوڵخانە و حکومەتی هۆڵەندای کرد بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانیان و ڕایگەیاند: “هیوادارین ئەم یاداشتنامەیە ببێتە وێستگەیەکی نوێ بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و سەرکەوتنی زیاتری پرۆژە هاوبەشەکانمان.”

هاوکات ئادریان ئایسلستین، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا، خۆشحاڵی خۆی بەم هەنگاوە دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی لەسەر پشتیوانییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئاسۆی کاری داهاتوو و چەندین بابەتی گرنگی پەیوەست بە هاوبەشیی نێوان هەردوولا تاوتوێ کران.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، پێویستی بە سیستەمێکی پێشکەوتووی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان هەیە و هۆڵەنداش یەکێکە لەو وڵاتانەی لەم بوارەدا هاوکارییەکی چالاکی هەرێم دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆك بارزانی له‌گه‌ڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبووه‌وه‌

سەڵاح

زانكۆلاین بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى کارا کرا

سەڵاح

سەرۆکی دیوان لەگەڵ کۆنسوڵی گشتيی ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە

یاسین