zagros news agency

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی پەنجاهەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان

سەرۆك بارزانی بەبۆنەی پەنجاهەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان رایگەیاند ، لە پەنجاهەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا، پێزانینم بۆ جەماوەری كوردستان و هەموو ئەو تێكۆشەر و پێشمەرگە و ئەو نیشتیمانپەروەرانە هەیە كە لە ناوخۆ و دەروەی كوردستان ڕۆڵێكی قارەمانانەیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبووە و مێژوویەكی درەوشاوە و پڕ لە شانازییان بۆ گەلەكەیان تۆمار كرد.

ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانییە

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

شۆڕشی گوڵان قۆناغێكی گرنگ و چارەنووسسازی خەباتی گەلی كوردستان بوو. ئەم شۆڕشە درێژكراوە و هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو. شۆڕشی گوڵان بۆ هەموو لایەكی سەلماند كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان بۆ ماوەیەكی كورت تووشی وەستان هاتبێت بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە بەڵكوو بۆ گەییشتن بە ئامانجە پیرۆزەكان بە ئومێد و هێزێكی تازە لە تێكۆشان و خەباتیدا بەردەوام بووە. شۆڕشی گوڵان سەركەوتنی بەدەست هێنا چونكە، پشتی بە قارەمانێتیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی جەماوەر و ڕێكخستنێكی بەهێز و دروشم و ئامانجی ڕوون بەست.

لە پەنجاهەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا، پێزانینم بۆ جەماوەری كوردستان و هەموو ئەو تێكۆشەر و پێشمەرگە و ئەو نیشتیمانپەروەرانە هەیە كە لە ناوخۆ و دەروەی كوردستان ڕۆڵێكی قارەمانانەیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبووە و مێژوویەكی درەوشاوە و پڕ لە شانازییان بۆ گەلەكەیان تۆمار كرد.

لەم یادەدا سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین. ئازادی و دەستكەوتەكانی تری گەلەكەمان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قارەمانێتی پێشمەرگە و ڕەنج و دڵسۆزیی خەباتگێڕانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شۆڕشەكانی گەلی كوردستانە.

مسعود بارزانی
26ی ئایاری 2026

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی: ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران

سەڵاح

ل دهۆکێ جەخت ل سەر داهێنانێ و زێدەکرنا بەرهەمێ چاندنێ هاتە کرن

دڵشاد

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت:وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نرخی بەنزینی ڕێکخست و چەند بڕیارێکی دەرکرد

دڵشاد