ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ژووری ئۆپەراسیۆنی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە بەرپرسی UNDP لە هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، ستراتیژی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخە نەخوازراوەکان تاوتوێ کرا.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی لە ئامادەکاری و کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانەکاندا هەیانبووە. ڕاشیگەیاند: “ئەو ئەزموونانەی لە ڕابردوودا لە بوارەکانی هەماهەنگی و وەڵامدانەوەی خێرا بەدەست هاتوون، دەبنە بنەمایەک بۆ بەهێزترکردنی هەوڵە نیشتمانی و دامەزراوەییەکان.”
وەزیری ناوخۆ جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی پڕۆسەی نوێکردنەوەی سیستەمی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان کردەوە و ڕۆڵی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی لەم پڕۆسەیەدا بە “جەوهەری” وەسف کرد. هەروەها دووپاتی کردەوە کە وەزارەتی ناوخۆ پشتیوانی تەواوی هەر هەنگاوێک دەکات کە ئامانجی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەرزکردنەوەی تواناکانی وەڵامدانەوە بێت لە کاتی کارەساتەکاندا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان بیروڕایان دەربارەی میکانیزمە نوێیەکانی پەرەپێدانی کاری ژووری ئۆپەراسیۆن و پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گۆڕییەوە.

