zagros news agency

لە چین ئێلەگی ساردکەرەوە بۆ کرێکاران دروست دەکرێت

مەڵبەندی “ئانهۆی” بۆ داھێنان لە چین، زنجیرەیەک ئێلەگی ساردکەرەوەی تایبەتی هاوینەی بۆ کرێکاران نمایش کرد، وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پلەی گەرمیی بەرز و باشترکردنی مەرجەکانی کارکردن لە وەرزی هاویندا.
“کاو یو”، سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ئانهۆی بۆ داهێنان ڕایگەیاند: یەکێک لە مۆدێلەکانی ئەم ئێلەگە بە تەکنەلۆژیایەکی سادە کار دەکات، بە شێوازێک کە تەنها پێویستی بەوەیە بۆ ماوەی 5 خولەک لەناو ئاودا بهێڵدرێتەوە پێش پۆشینی، دواتر بۆ ماوەی 1 تا 2 ڕۆژ کاریگەریی ساردکەرەوە بە جەستەی بەکارهێنەرەکەی دەبەخشێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، جۆرێکی دیکەیان گەشەی پێ دەدرێت کە پەروانەی ساردکەرەوەی خێرای تێدا جێگیر کراوە، هەروەها جۆرێکی تریان پاکەتی ساردکەرەوەی تایبەتی تێدایە کە پێشتر لە بەفرگردا داندراون، ئەمەش یارمەتی دابەزاندنی پلەی گەرمیی جەستەی بەکارهێنەرەکەی دەدات بە ڕادەی 8 پلەی سیلیزی بەراورد بە پلەی گەرمیی ژینگەی دەوروبەری.
سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکە ئەوەشی خستەڕوو کە کۆمپانیای بەرهەمهێنەر لە ئێستادا لەسەر بەرهەمهێنانی ئەم ئێلەگانە بە دیزاینی جیاواز کار دەکات تاوەکو پێداویستیی توێژە جیاوازەکانی کرێکاران پڕ بکاتەوە. نرخی یەک ئێلەک نزیکەی 200 یوانی چینییە، کە یەکسانە بە نزیکەی 30 دۆلاری ئەمریکی.
ئەم داھێنانە لە کاتێکدایە کە شەپۆلەکانی گەرمای تاقەتپڕووکێن ناوچەیەکی بەرفراوانی چینی گرتووەتەوە و کرێکاران لە کەشوهەوایەکی سەختدا دەوام و کارەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەمەش گرنگیی دابینکردنی ئامرازی پێویست بۆ کارکردن لە ژینگەیەکی ئاسوودە و ئارامتردا لە مانگەکانی هاویندا زیاتر دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئۆکرانیا زۆرترین ڕێژەی قوربانییانی مەدەنیی تۆمار کرد

یاسین

چاوەڕوانی کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکوومەتی سووریا دەکرێت

یاسین

نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، لەگەڵ شاندێكى سێناتى ئه‌مه‌ريكى كۆبووه‌وه‌

سەڵاح