دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا دەستگیر ناکرێت. ئەم لێدوانەی ترامپ دوای ئەوە دێت کە زۆهران مامدانی، سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک، ڕایگەیاندبوو کە لە ئەگەرە یاساییەکان بۆ دەستگیرکردنی نەتانیاهۆ خەریکی لێکۆڵینەوەیە.
ترامپ لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیویەتی: “بنیامین نەتانیاهۆ بە هیچ شێوە و جۆرێک لە کاتی مانەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستگیر ناکرێت.” هەرچەندە ترامپ راستەوخۆ ناوی مامدانی نەهێناوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل هاوکار بووە لە جەنگی دژی ئێراندا.
لە ساڵی ٢٠٢٤دا، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) لە تاهای، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نەتانیاهۆ دەرکرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی “تاوانی جەنگ” لە کاتی شەڕی غەززەدا. ئیسرائیل بە توندی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەسەڵاتی دادگاکە ناناسێت. جێی ئاماژەیە کە نە ئەمریکا و نە ئیسرائیل ئەندامی ئەو دادگایە نین.
زۆهران مامدانی، کە لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە دەستبەکار بووە، لە چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” ڕایگەیاند: “من پێموایە نەتانیاهۆ شوێنی تاهایە. ئەو تاوانبارێکی جەنگە و لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە تۆمەتبار کراوە.” مامدانی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشی یاسایی شارەوانی نیویۆرک خەریکی تاوتوێکردنی ئەوەن کە ئایا یاسا ڕێگەیان پێ دەدات لە کاتی گەشتی نەتانیاهۆ بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولدا، دەستگیری بکەن یان نا.
حکومەتی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) وەڵامی مامدانی دایەوە و دادگای ICCی بە “دادگایەکی کارتۆنی” و فەرمانی دەستگیرکردنەکەشی بە “بێبنەما” وەسف کرد. ئیسرائیل مامدانی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت سەرنجی گشتی لەسەر “هەڵەکانی خۆی” لادات و هێرش بکاتە سەر “تاکە دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
ئەم گرژییە لە کاتێکدایە کە ترامپ و مامدانی پێشتر لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی هەڵوێستێکی دۆستانەیان بەرامبەر یەکتر هەبووە، سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە ناکۆکی قووڵ لە نێوانیاندا هەیە.
رۆیتهرز

