zagros news agency

ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێل لە تورکیا بەهۆی لافاوێکی وێرانکەرەوە نوقم بوون

 

شەپۆلێکی بەهێزی بارانی بەخوڕ و لافاو زۆربەی شارەکانی تورکیای گرتەوە؛ جگە لە ژێرئاوکەوتنی دەیان ئۆتۆمبێل و گیرخوردنی هاووڵاتییان، زیانێکی زۆری دارایی بەر ژێرخانی شارەکان، ماڵان و بازاڕەکان کەوتووە.

​لە شارە گەورەکانی وەک ئەنقەرە و ئیستانبوڵ، بەهۆی بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی ئاو لە ناو ژێرپردەکان و شەقامە گشتییەکاندا، دەیان ئۆتۆمبێل نوقم بوون و شۆفێران لە ناو ئاودا گیرپۆڕ بوون. هەروەها بەرزیی ڕێژەی ئاوەکە بووەتە هۆی داڕمانی چەندین ڕێگەی سەرەکی و دروستبوونی چاڵی گەورە لە ناو شەقامەکاندا.

​زیانەکان تەنیا لە شەقامەکاندا قەتیس نەکراونەتەوە؛ لە شارەکانی عوسمانییە و ئەدەنە ئاو چووەتە ناو ماڵان و بنکە تەندروستی و نەخۆشخانەکانەوە. هاوكات لە شارەکانی تۆکات، یۆزگات و ئەماسییە، بارانبارینی بەخوڕ لە کەمتر لە کاتژمێرێکدا بازاڕەکان و قاتی خوارەوەی باڵەخانەکانی داپۆشیوە و زیانێکی زۆری بە کاسبکاران و فرۆشیاران گەیاندووە.
​لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو (AFAD) کە پێشتر ئاگاداریی بۆ ۳٥ شار دەرکردبوو، زیاتر لە ۱۸ هەزار کارمەند و هەزاران ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری ڕەوانەی ناوچە زیانپێکەوتووەکان کردووە بە مەبەستی ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لە ماڵ یان ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیرییان خواردووە.

​مەترسییەکانی لافاو لە تورکیا بابەتی نوێ نین؛ وڵاتەکە بەردەوام رووبەڕووی شەپۆلی بارانی لەناكاوی بەخوڕ و لافاوی وێرانکەر دەبێتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی دەریای ڕەش و ناوەڕاستی ئەنادۆڵ کە بە دەست ناپۆشتەیی ژێرخان و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە دەناڵێنن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڤەژین مزیری: پارتی لخۆشی و نەخۆشیا یا دگەڵ خەلکێ خۆ

یاسین

لە هێرشێکی نوێی ئەمریکا بۆ سەر بەلەمێکی “هەڵگری ماددە هۆشبەرەکان” کەس کوژران

سەڵاح

پارێزگاری هەولێر: “فه‌رمانبه‌ران به ‌ئاسانی مووچه‌كانی خۆیان وه‌رده‌گرن”

یاسین