ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٦، هێزە ئەمنییەکانی عێراق عومەر تاریق شەنداح، قایمقامی پێشووی تکریتیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەکانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیرکرد.
بەپێی زانیاریی میدیا ناوخۆییەکانی عێراق، عومەر تاریق شەنداح کە بە کەسێکی نزیک لە “ئەبو مازن” سەرۆکی پارتی جەماهیری نیشتمانی دادەنرێت، بە تۆمەتی واژووکردنی چەکی دارایی ساختە و بەهەدەردانی پارەی دەوڵەت ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بووەتەوە و بە بڕیاری دادوەر دەستبەسەر کراوە.
دەستگیرکردنی قایمقامی پێشووی تکریت لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزێکی تایبەتی دەستەی دەستپاکی (نزاهە)ی عێراق هەڵمەتێکی فراوانی لە شاری تکریت دەستپێکردووه؛ لە ئەنجامی هەڵمەتەکەدا ژمارەیەک فەرمانبەری تێوەگلاو لە دۆسیەکانی گەندەڵی دەستگیرکران و چەند تۆمەتبارێکی دیکەش بۆ شوێنی نادیار هەڵاتوون.

