zagros news agency

ئەمریکا لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا توڕەیە

تۆم باراک، نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە سوریا و عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، 18-8-2026 ڕایگەیاند، ئەمریکا زۆر نیگەرانە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو زوھور لە سوریا و بە “پەرەسەندنێکی ناپێویست کە خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە ناکات” وەسفی کرد.
باراک لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا “هەڵوێستێکی دوژمنکارانەی نەگرتووەتە بەر و گرووپی چەکداری بە وەکالەتی ڕانەگرتووە”، هەروەها جەختی کردەوە کە حکومەتەکەی چەندین جار ئارەزووی خۆی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕیوە.
ڕوونیشی کردەوە، ئەمریکا لە ڕابردوودا میوانداریی دانوستانەکانی کردووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت لە میوانداریکردنیان بە مەبەستی هاندانی ڕێڕەوی دبلۆماسی، لە بڕی دەربڕینی بێئومێدی لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەلایەن هەردوو وڵاتەوە.
نێردەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ڕێککەوتنە بەردەوامەکانی هێورکردنەوە لە ڕێگەی دیالۆگی بەردەوام لەگەڵ هەموو وڵاتان و لایەنە سەرەکییە پەیوەندیدارەکاندا دروست دەکرێن؛ ئاماژەی بەوەش کرد واشنتن بڕوای وایە دانبەخۆداگرتن و بەشداریکردنی دبلۆماسی بەرهەمدارترین ڕێگایە، داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد دیالۆگی عەقڵانی بخەنە پێشینەی کارەکانیان لە بڕی دروستکردنی ڕووداوی زیاتر.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زوھور لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب ڕووبەڕووی چوار هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بووەوە کە بڕگەی فڕینی فڕۆکەخانەکەی کردبووە ئامانج، ئەمەش یەکەم هێرشی لەو شێوەیەیە بۆ سەر ئەو شوێنە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
ئەم فڕۆکەخانەیە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بنکەیەکی سەرەکیی هێزەکانی ئاسمانیی سوریا بوو، پێش ئەوەی لە ساڵی 2015دا بکەوێتە دەست گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن، دواتر لە ساڵی 2018 لەلایەن هێزەکانی حکومەت و هاوپەیمانەکانییەوە کۆنتڕۆڵ کرایەوە، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2024 لە میانەی هێرشێکدا دیسانەوە کەوتەوە دەست گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری ناوخۆ و كونسوڵی گشتیی چەند بابەتێکی گرنگ تاوتوێ دەکەن

یاسین

ئامادەباشی ئەمنی لە کەرکووک دوای دووەم حاڵەتی هەڵاتنی زیندانی لە ماوەی هەفتەیەکدا

یاسین

ئەگەرى گۆڕینى ناوى کەنداوى فارس لەلایەن ترەمپەوە کاردانەوەى ئێرانى لێکەوتەوە

یاسین