zagros news agency

د. شەهرام عەلی کەژۆ بۆ زاگرۆس: پاراستن و بەهێزکردنی ڕۆڵی کوردستان یەکسانە بەپاراستنی ئاسایشی ئابووری و ستراتیژیی هەموو عێراقە

 

ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هەروەکوو ڕوون و ئاشکرایە، ئابووریی عێراق بە شێوەیەکی گشتی پشتی بەستووە بە هەناردەکردنی نەوت، بەجۆرێک کە نزیکەی هەموو داهاتی پارەی دەوڵەت لە فرۆشتنی نەوتەوە دەست دەکەوێت. ئەم جۆرە ئابوورییە، لە کاتی دابەزینی نرخە جیهانییەکانی نەوت یان هەر ئاڵۆزییەکی سەربازی، سیاسی و ناوچەیی، دەبێتە هۆی گەورەترین مەترسی بۆ ئاسایشی ئابووریی و داراییی.

د. شەهرام عەلی کەژۆ بۆ زاگرۆس گوتی: ،لەگەڵ گەشەکردنی پڕۆژەکانی گواستنەوەی وزە و ڕکابەری ناوچەیی، عێراق پێویستی بە ستراتیژییەکی نوێ هەیە نەک تەنها بۆ زیادکردنی داهات، بەڵکو بۆ پاراستنی شوێنی خۆی لە بازاڕە جیهانییەکانی وزە بۆیە، ئەم پێویستیەش لە ئێستادا زیادتر لەهەر کاتێکی تر دەردەکەوێت، بە تایبەتی لە گەل ئاڵۆزیەکانی گەرووی هورموز.ئەمڕۆ، ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و گەرووی هورموز بە تایبەتی کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی گواستنەوەی نەوت لە جیهان، هەموو جیهانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی کە پشتبەستن بە تەنها یەک دەروازە بۆ هەناردەکردنی وزە، مەترسییەکی ستراتیژییە. هەر ئاڵۆزییەکی سەربازی یان سیاسی لەو ناوچەیە دەتوانێت هەناردەکردنی ملیۆنان بەرمیل نەوت ڕابگرێت، نرخە جیهانییەکان بەرزبکاتەوە و زیانێکی گەورە بە ئابووریی وڵاتانی بەرهەمهێنەر بگەیەنێت. بۆ عێراق، کە ئابوورییەکەی بە شێوەیەکی زۆر پەیوەستە بە داهاتی نەوت، ئەم مەترسییە لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێکی تر دەردەکەوێت و پێویستی بە پلانی ستراتیژیی جێگرەوە هەیە.

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو: لەو ڕوانگەیەوە، هەرێمی کوردستان تەنها بەشێکی عێراق نییە لە ڕووی دەستووریەوە، بەڵکو بەهێزترین هەڵبژاردەی ستراتیژی بۆ فراوانکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت و کەمکردنەوەی مەترسییە جوگرافی و سیاسییەکانە. ئەگەر حکومەتی فیدراڵی بە دیدێکی نیشتمانی و درێژخایەن مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات و ڕێگا بە گەشەپێدانی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوت بدات، عێراق دەتوانێت کەمتر بە هەلومەرجی گەرووی هورمز ببەسترێتەوە و هێزی خۆی لە بازاڕی جیهانیی وزە بپارێزێت. لەبەر ئەوە، پاراستن و بەهێزکردنی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان تەنها بەرژەوەندیی هەرێم نییە، بەڵکو پاراستنی ئاسایشی ئابووری و ستراتیژیی هەموو عێراقە.
بەو پێیە،

د.شه‌هرام ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو: ئەگەر لە ڕابردوودا، هەندێک لایەن هەوڵیان دابێت هەرێمی کوردستان وەک کێشەیەک ببینن، لە ئێستادا هەرێم دەبێت وەک بەشێکی چارەسەری ستراتیژی بۆ ئابووریی عێراق سەیر بکرێت. هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت بە فشاری سیاسی قەیران بۆ بەشێکی وڵات دروست بکات و لە هەمان کاتدا چاوەڕێی ئاسایشی ئابووری و سەرکەوتنی خۆی بێت.ئەم هاوبەشییە تەنها لە بواری نەوتدا نیە بەڵکو هەرێمی کوردستان هەمیشە هێزی ئارامی، هاوبەشی و دروستکردنی پەیوەندیی ئابووری بووە. ئەگەر حکومەتی فیدراڵی بە دیدێکی ستراتیژی مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکات، دەتوانرێت پەیوەندییەکی بردنەوە-بردنەوە دروست بکرێت کە سوودی بۆ هەموو هاوڵاتیانی عێراق هەبێت.لە ئەم قۆناغە هەستیارەدا، پێویستە هەمووان تێبگەن کە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان واتای بەهێزبوونی ئابووریی عێراق و هەر هەنگاوێک بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی هەرێم، لە کۆتاییدا زیان بە بەرژەوەندیی گشتیی عێراق دەگەیەنێت. ئەمە تەنها بابەتێکی سیاسی نییە، بەڵکو دیدێکی نیشتیمانی و ستراتیجییەکی درێژخایەنە کە داهاتووی هەموو وڵاتی پێوە گرێدراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆدا سێ کەس بوونە قوربانی

گوران

ئەنجومەنی باڵای سەربازیی تورکیا کۆدەبێتە

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى ئه‌ڵمانيا ده‌كات

سەڵاح