دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا توندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکووک دەکات و بە پێچەوانەی دەستووری عێراقی دەناسێنێت. دەستەکە داوا لە پارێزگار دەکات لەجیاتی لێدوانی نادەستووری، سەرنجی بخاتە سەر دابینکردنی خزمەتگوزاری و بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان لە شارەکەدا.
دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە راگەیەنراوەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە کە دەستوور بنچینەی سەرەکیی سیستەمی حوکمڕانییە لە عێراقی نوێدا و بە پەیمانێکی ڕاستەقینەی پێکهاتەکان دەژمێردرێت. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە خەڵکی کوردستان ماددەی 140 وەک دیارترین نەخشەرێگە دەبینن بۆ چارەسەرکردنی پرسی ناسنامەی خاک و ناوچە جێناکۆکەکان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، پابەندبوونیش پێوەی ڕێزگرتنە لە ویستی گەلانی عێراق.
راگەیەنراوەکەی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان وەک پەرچەکردارێک بوو بەرامبەر لێدوانەکانی محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک، کە ماددەی 140ی بە “گەورەترین هەڵەی ستراتیژی دەوڵەتی عێراق” وەبیرهێنابۆوە. دەستەکە هۆشداری دەدات کە ئەم جۆرە دیدارانە رووبەری بێمتمانەیی زیاتر دەکەن و کەرکووک لە خزمەتگوزارییەکانی خۆی دوور دەخەنەوە.

