هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، سوپای پاسداران هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی کەنداو.
سوپای پاسدارانی ئێران چەند کاتژمێرێک دوای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوژرانی خامنەیی، ڕایگەیاند لە چوارچێوەی هێرشە تۆڵەسێنەکاندا، بنکەی ئاسمانیی سوپای ئەمریکای لە سعوودیە و بنکەی هەریری لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدایە میدیاکانی وڵاتانی کەنداو دەڵێن بەشێکی زۆری ئامانجەکانی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی شوێنی مەدەنی بوون.
وەزارەتی نێوخۆی قەتەر ڕایگەیاند لە هێرشەکانی ڕۆژی شەممەی کۆماری ئیسلامیدا ١٦ کەس بریندار بوون. بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک، شەپۆلێکی نوێی تەقینەوەی بەهێز لە دەوحە بیسترا.
لە عومان، بەندەری بازرگانیی “دەقەم” کرایە ئامانجی دوو درۆن و ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوی کردەوە کە لەو هێرشەدا کرێکارێکی بیانی بریندار بووە.
هاوکات دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێزیش لە دوبەی بیسترا.
هەروەها ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە هەرێمی کوردستان بڵاو کرانەوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە هەڵمەتی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی پێگەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە. بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە شایەتحاڵان ڕایانگەیاند ناوچەکانی نێوەڕاستی تاران، کە زۆربەیان شوێنی جێگیربوونی لقەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی حکوومەتی، دادگای شۆڕش، وەزارەتی ئیتڵاعات و فەرماندەییی هێزی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامین، کراونەتە ئامانج.

