حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە دواخستنی وەڵامی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر سعودیە، لە ئەرکێکی هەماهەنگیکراو و بە ڕێکاری حکومی بووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان و ڕێگریکردن لەوەی عێراق بشێوێندرێت یان ببیێتە سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. هاوکات جەختیشی کردەوە لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لە ماوەی دیاریکراودا.
حەیدەر عەبود، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێش کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی «ئیدارەی دەوڵەت» هەماهەنگی لە نێوان بەرپرسان و حکومەتدا کراوە، لە چوارچێوەی ئەو ڕێکارانەی کە پشتیوانی لە حکومەت و کارنامەی کابینەکە دەکەن.
عەبود ڕوونی کردەوە کە حکومەت کار بۆ پاراستنی گەلی عێراق دەکات و پەیام ئاڕاستەی وڵاتانی ناوچەکە دەکات کە عێراق نابێتە شوێنی دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکاندا بەڕێوەدەچن.
عەبود گوتی: دان بەوەدا نرا کە نیگەرانی و تێبینی لەلایەن هەندێک لایەنەوە هەیە، بەڵام حکومەت جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەکە تا وادەی دیاریکراو لە ۳۰ی ئەیلوولدا.
عەبود ئاشکرای کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتێکی فەرمیی بۆ سەردانیکردنی شانشینی عربی سعودیە پێگەیشتووە، بەڵام تا ئێستا کاتی سەردانەکە دیاری نەکراوە.
راشیگەیاند: ئەم سەردانە لە چوارچێوەی سەرۆکایەتیکردنی خولی ئێستای کۆمکاری عەرەبی لەلایەن عێراقەوە دێت، و داوەتنامەکەش لە پاشخان و بەهۆی ئەو گرژییانەی دوایی هاتووە کە دوای بەئامانجگرتنی بارەگاکانی حەشدی شەعبیی هاتنە ئاراوە.

