zagros news agency

هۆشداری لەبارەی “شەڕی بازرگانی” لە نێوان ئەمریکا و کەنەدادا دەدرێت

 

دانوستانەکانی باج و گومرگ لە نێوان ئەمریکا و کەنەدادا شکستیان هێنا و باجە نوێیەکانی ئەمریکا کەوتنە باری جێبەجێکردنەوە. مەترسیی سەرهەڵدانی “شەڕێکی بازرگانی” نوێ لەئارادایە، چونکە کەنەدا دەیەوێت بە باجی بەرانبەر وەڵام بداتەوە. هەردوو لایش یەکتر بە بەرپرسیار دەزانن.
ناکۆکی لەسەر باجی گومرگیی نێوان ئەمریکا و کەنەدا دووبارە سەری هەڵ دا. پاش شکستی دانوستانەکان، شەوی ڕابردوو باجی سەدی ٥٠ی ئەمریکا بەسەر کۆمەڵێک کاڵای کەنەدادا، لەوانە دارەکانی یاریی هۆکیی سەر بەفر، کەلوپەلی ناوماڵ و شەراب، کەوتە باری جێبەجێکردنەوە. ئەم باجانە هەناردەی کەنەدا بە بەهای نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار دەگرنەوە.
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، باسی لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەرانبەر کرد بڕیارە لە ٨ی ئەیلوولەوە بچنە باری جێبەجێکردنەوە. بە گوتەی کارنی، باجە نوێیەکانی کەنەدا بەتایبەت پیشەسازیی پۆڵا و بەرهەمە شیرییەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج. کارنی لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا سەبارەت بەوەی بۆچی ئەمڕۆ پێشبینیی سەرهەڵدانی شەڕێکی بازرگانی دەکرێت، گوتی: «کاتێک هێرشت دەکرێتە سەر، لە شەڕدایت. هێرش کراوەتە سەرمان.»
لە بنەڕەتدا بڕیار بوو باجەکانی ئەمریکا لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە بچنە باری جێبەجێکردنەوە. بەڵام سەرۆککۆماری ئەمریکا کەمێک پێش تەواوبوونی مۆڵەتی دیاریکراو، جێبەجێکردنی دواخست. لەو کاتەوە دانوستانی چڕ لە ئارادابوو، بەڵام نەگەیشتە هیچ ڕێککەوتنێک.
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا مەرجە پێشنیارکراوەکانی ئەمریکای بە “ناعادڵانە” و “لە ڕووی ئابوورییەوە بێمانا” وەسف کرد. کارنی گوتی: «ئێمە ناتوانین ئەوەی پێشنیاریان کردووە قبووڵی بکەین و ئەوەش لێمان داوا کراوە پێیان نادەین.» ناوبراو زیادی کرد کەنەدا “دۆلار بە دۆلار” وەڵامی باجەکانی ئەمریکا دەداتەوە.
لە بەرانبەردا، جەیمیسۆن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا، کەنەدای بە بەرپرسیاری شکستی دانوستانەکان دانا و گوتی دانوستانکارانی کەنەدی لە “کۆتاییپێهێنانی ڕێککەوتنی بازرگانی لەسەر بنەمای مەرجەکانی پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کرابوو” خۆیان بەدوور گرتووە.
بە گوتەی ناوبراو، ئەم دژایەتییە سەرەڕای پێشنیاری واشنتن بۆ کەمکردنەوەی باجی سەر پۆڵا، ئۆتۆمبێل، تەختە و ئەلەمنیۆم لە بەرانبەر ئیمتیازات لە لایەن کەنەداوە بووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بە تووڕەییەوە کاردانەوەی بەرانبەر بڕیارەکەی کەنەدا نیشان دا. ترەمپ پێشتریش چەندین جار داوای کردبوو کەنەدا ببێتە ویلایەتی پەنجاوویەکەمی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی ئاب (١ی خەرمانان) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، نووسی: «کەنەدا دەیەوێت لە دەستکەوتەکانی ویلایەتێک سوودمەند بێت، بێ ئەوەی ویلایەت بێت.» ترەمپ لە درێژەدا نووسی: «ئەوان هەروەها ساڵانێکی زۆر باجی قورسیان بەسەر جووتیارە ناوازەکانماندا سەپاندووە.» ناوبراو زیادی کرد ئێستا ئیتر ئەم دۆخە کۆتایی پێ هاتووە.
نوێنەرانی دیموکرات و پارێزگارانی ویلایەتە هاوسنوورەکانی کەنەدا، واتە مینیسۆتا، نیویۆرک و واشنتن، بە توندی ڕەخنەیان لە سیاسەتی باجی ترەمپی کۆماری گرت. بۆ نموونە، کەتی هۆکۆل، پارێزگاری نیویۆرک، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: «هەڵگیرساندنی ناکۆکییەکی ناپێویست لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان و هاوکات بەرزکردنەوەی نرخەکان لە نێوخۆی وڵاتدا؛ سیاسەتی ئابووریی ترەمپ دەکرێت لەم یەک ڕستەیەدا کورت بکرێتەوە.»
ناکۆکی لەسەر باجی گومرگیی نێوان ئەمریکا و کەنەدا نیگەرانییەکانی لەبارەی سەرهەڵدانی شەڕێکی بازرگانیی تەواوەتی لە نێوان دوو وڵاتی دراوسێدا زیاد کردووە. ڕیچارد فۆنتەین، سەرۆکی “نێوەندی ئاسایشی نوێی ئەمریکا”، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی ئەگەر حکوومەتی کەنەدا «بە شێوەی بەرانبەر باج بسەپێنێت و ترەمپیش بە پەرەپێدانی گرژییەکان وەڵام بداتەوە، هەردوو لا دەچنە نێو خولێکی پڕتێچوو و زیانبەخش لە کردەوەی تۆڵەسەندنەوە.»
بەپێی ڕاگەیاندنی ئەمریکا، لە ئێستادا، سەرەڕای داواکاریی چالاکوانانی ئابووری، هیچ دانوستانێکی تر پلانی بۆ دانەنراوە. بۆ نموونە، ڕێکخراوی “بیزنس ڕاوندتەیبڵ” وەک ئەنجومەنێکی پڕدەسەڵاتی بەڕێوەبەرە باڵاکانی کۆمپانیاکانی ئەمریکا، داوای لە حکوومەتەکانی واشنتن و ئۆتاوا کردووە دانوستانەکان دەست پێ بکەنەوە. ئەم گرووپە لۆبییە ڕایگەیاند باجە نوێیەکان لەوانەیە تێچووی کۆمپانیاکانی ئەمریکا بە توندی بەرز بکەنەوە.
ئابووریی ئەمریکا و کەنەدا بە توندی بەیەکەوە گرێ دراوە. نزیکەی سەدی ٧٠ی تەواوی هەناردەی کەنەدا بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان دەڕوات. سەرەڕای ئەوەش، پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لە سەردەمی ترەمپدا بە توندی تێک چووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سلێمانی دوو ڕۆژ پشووی قوتابخانه‌كانی راگه‌یاند

سەڵاح

سەڵاح

فالح فەییاز: هیزی حەشدی ‌شەعبی نەچوونەتە تورکیا

یاسین