zagros news agency

لە هەولێر کۆنفرانسێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابووریی ئافرەتان و ڕەخساندنی ژینگەی کاری ئارام بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ دووشەممە، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆنفرانسێکی تایبەت بە پەرەپێدانی ڕۆڵی ئابووریی ئافرەتان لەژێر ناونیشانی “لە بەڵێنەوە بۆ کردار” بەڕێوەچوو.

کۆنفرانسەکە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی گەشەپێدانی ئەڵمانی (GIZ) ڕێکخرابوو. تێیدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، هاوشانی ژمارەیەک لە پسپۆڕانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و چالاکوانانی مەدەنی بەشدار بوون.

ئامانجی ئەم کۆبوونەوە فراوانە بریتی بوو لە داڕشتنی میکانیزمێک بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار و یەکسانی بۆ ئافرەتان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا. هەروەها جەخت لە دابینکردنی ژینگەیەکی کاری ئارام و پارێزراو کرایەوە کە تێیدا مافەکانی ئافرەتان پارێزراو بێت و بتوانن تواناکانی خۆیان لە گەشەپێدانی ئابووریدا بەگەڕبخەن.

لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، بەشداربووان و چالاکوانانی بواری مافەکانی ئافرەتان ئاماژەیان بەوە کرد، کە چیتر تەنها بەڵێنی زارەکی بەس نییە، بەڵکو پێویستە دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەت هەنگاوی کرداری بنێن بۆ ئەوەی شوێنی کار ببێتە ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ خانمان.

ئەم کۆنفرانسە وەک هەوڵێکی گرنگ دەبینرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریی ئافرەتان لە بازاڕی کاردا، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخەکانی نەوت زیاتر پاشەکشەیان کرد

سەڵاح

دوایین زانیاری پێکانەکەی موحەمەد سەڵاح

یاسین

ئێران هەوڵ دەدات قەرەبووی داهاتی گازی هەناردەکراو بۆ عێراق بکاتەوە بە کاڵا

یاسین