zagros news agency

وەزارەتی شارەوانی پلانێکی نوێ بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی ئاوی خواردنەوە و پاراستنی تەندروستیی گشتی جێبەجێ دەکات

 

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامانجی پاراستنی تەندروستیی گشتی، ددوێنێ پێنجشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوان و گرنگی کرد. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێداچوونەوە بە دۆخی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە ئامادەبوونی ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و سەرجەم بەڕێوەبەرانی ئاوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەڕێوەچوو، هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ کارایی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو کرا.

تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان تەرخانکرابوو بۆ پرسی دڵنیابوونەوە لە پاکوخاوێنیی ئەو ئاوەی دەگاتە ماڵان. لەمبارەیەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایسپارد کە پێویستە کوالیتی ئاو لەگەڵ بەرزترین ستانداردە جیهانی و تەندروستییەکان بگونجێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە: “دابینکردنی ئاوی پاک مافێکی سەرەکی و بێ ئەملاولای هاووڵاتییانە، بۆیە پێویستە تاقیگەکانی پشکنینی ئاو بە شێوەیەکی خولی و بەردەوام چاودێری کوالیتی ئاو بکەن.”

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوی دیاری کرد بۆ توندکردنەوەی ڕێکارەکانی پشکنین و چاودێریکردنی وێستگەکان و تۆڕەکانی گواستنەوە، تاوەکو دڵنیایی تەواو بدرێتە هاووڵاتییان لەبارەی سەلامەتی ئەو ئاوەی بەکاری دەهێنن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکانی ئاو کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی خێرای ئاستەنگە تەکنیکییەکان و پەرەپێدانی سیستمەکانی پاڵاوتن. ئەم هەنگاوەی وەزارەت وەک بەشێک لە ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و بونیادنانی ژێرخانێکی مۆدێرن و تەندروست بۆ هاووڵاتییان.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات

یاسین

کەشناسی هەرێم: کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت و پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن

zrar

سامسونگ چەند تایبەتمەندیەکی نوێ بۆ Galaxy Zfold8 زیاد دەکرێت

یاسین