وەزارەتی ناوخۆی نیپاڵ، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، ئاماری ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوە وێرانکەرەکانی وڵاتەکەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ٤٦٩ کەس بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا هێشتا ٩٧٧ کەس بێسەروشوێنن کە ٥١٧یان هاووڵاتیی بیانین.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ئاماری پێشتر ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی ٣٨٩ کەس دەکرد، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ هەینی ئامارەکان نوێکرانەوە و ژمارەی قوربانیان زیادی کرد.
دەسەڵاتدارانی نیپاڵ هۆکاری ئەم کارەساتە سروشتییە بۆ ڕوودانی بوومەلەرزەیەک و بەدوایدا داڕمانی زەوی دەگەڕێننەوە، کە بووەتە هۆی ڕژانی بڕێکی یەکجار زۆر لە ئاوی چیاکان بۆ ناو ڕووباری “بۆتی-کۆشی” و دروستبوونی لافاوێکی کوشندە.
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS) ڕوونی کردەوە، ئەو لەرینەوانەی لە ناوچەکە هەستیان پێکراوە بەهۆی بوومەلەرزەی ناخی زەوییەوە نەبووە، بەڵکو ئەنجامی داڕمانی بەستەڵەک و شاخە سەهۆڵینەکان بووە، ئەوەش قەبارەی لافاوەکەی چەند هێندە کردووە.

ئێستا تیمەکانی ڕزگارکردن لە ناو داروپەردووی ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا بەردەوامن لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبوواندا، بەڵام سەختیی کەشوهەوا و تێکچوونی ڕێگاکان بووەتە کۆسپ لەبەردەم گەیشتن بە هەندێک لە ناوچە دوورەدەستەکان.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز

