ساڵانە لە ڕێگەی سکۆلەرشیپە جیاوازەکانی کۆماری چینی میللی، خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە خوێندن روو لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە دەکەن، بۆ ئەمساڵیش ١٩ خوێندکاری هەرێم لە سکۆلەرشیپەکانی ئەم وڵاتە سودمەندبونەو بەم نزیکانە دەست بە پرۆسەی خوێندن دەکەن.
لەو چوارچێوەیەدا بەبۆنەی بەڕێخستنیان بۆ زانکۆکانی ئەم وڵاتە و بەدەستهێنانی سکۆلەرشیپی وڵاتی چین، بە ئامادەبونی د. یاسین ساڵح بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان و قوتابییە سەرکەوتوەکان، ڕێورەسمێکی ڕێزلێنان بۆ خوێندکارە سەرکەوتوەکان بەڕێوەچوو.
لە وتەیەکدا بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان وێڕای گەیاندنی سوپاس و پێزانینی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە وڵاتی چین و زانکۆکانی ئەم وڵاتە و کونسوڵخانەی چین لە هەولێر بۆ هەوڵ کارەکانیان بەمەبەستی پێشکەشکردنی سکۆلەرشیپی ساڵانە بە خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان، دوپاتیشیکردەوە؛ دڵخۆشین فێرخوازانمان لە هەرێمی کوردستان توانیویانە ئەنجامی زۆر باش بەدەستبهێنن و ببنە خاوەنی کورسی خوێندن لەم وڵاتە، بۆیە داوایان لێدەکەین وەکو باڵیۆزی کورد و هەرێمی کوردستان لەم وڵاتەدا ئەوپەڕی ئاست بەرزی و نمونەی زیرەک و بە توانایی خۆیان لە بوار و پسپۆڕییەکەیان رەنگبداتەوەو دوای گەڕانەوەشیان خزمەت پێشکەش بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە وتەیەکیشدا، کونسوڵی گشتی هانی خوێندکارەکانیدا کە لە چین بە چڕی بخوێنن، پەرە بە تواناکانیان بدەن و دوای تەواوکردنی خوێندن بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان. هیواشی خواست خوێندکاران و قوتابیان ئەوەی لە چین دەیبینن و فێری دەبن لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان هاوبەشی بکەن و بەشداری بکەن لە بنیاتنانی لێکتێگەیشتن و دۆستایەتی یەکتر لە نێوان گەلانی هەردولادا.
لەلایەن خۆشیانەوە خوێندکارەکان پێزانینی خۆیان بۆ دەرفەتی خوێندن لە چین دەربڕی و ڕایانگەیاند دەرفەتەکە دەقۆزنەوە بۆ بەرزکردنەوەی توانا پیشەییەکانیان، سوود لە ئەزموونی چین وەردەگرن و وەک باڵیۆزی دۆستایەتی نێوان چین و هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن.
جێگەی ئاماژەیە لە ساڵی 2026دا، 19خوێندکاری هەرێمی کوردستانی عێراق سکۆلەرشیپی حکومەتی چینیان بۆ پرۆگرامەکانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر ودکتۆرا وەرگرت، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی تۆمارکراوە لە ساڵێکدا.

