لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای ڕۆژی دووشەممە ٣١ی ئاب لە قیرغیزستان دەستی پێکرد. سەرۆککۆمارەکانی ئێران، ڕووسیا و چین لە نێو ئەو سەرکردانەدان بڕیارە لەم کۆبوونەوە دوو ڕۆژەیەدا لە شاری بیشکەکی پایتەختی قیرغیزستان کۆ ببنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشێتد پرێس، لە پەراوێزی ئەم لوتکەیەدا چەندین دیداری دووقۆڵی، لەوانەش دیداری نێوان ڤلادیمیر پوتین و شی جینپینگ لە ڕۆژی دووشەممە و وتووێژەکانی نێوان پوتین و مەسعوود پزیشکیان لە ڕۆژی سێشەممەدا بەڕێوە دەچن.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا سەرلەبەیانیی دووشەممە وێنەکانی گەیشتنی پزیشکیانی بۆ بیشکەک بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند سەرۆککۆماری ئێران لەلایەن جێگری سەرۆکی کابینەی قیرغیزستانەوە پێشوازیی لێ کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پزیشکیان لەگەڵ نارێندرا مۆدی سەرۆکوەزیرانی هیندستان، سەرۆککۆمارەکانی قیرغیزستان و تاجیکستان و هەروەها سەرۆکوەزیرانی پاکستان کۆ دەبێتەوە. میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە یاوەریی پزیشکیان دەکات.
پزیشکیان سەرلەبەیانیی دووشەممە بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ قیرغیزستان بە میدیاکانی گوت کۆماری ئیسلامی «بە دوای شەڕدا ناگەڕێت». ناوبراو لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا: «ئەمە پەیامێکی ڕوونە بە جیهانمان گەیاندووە، بەڵام لە بەرانبەر هەر دەستدرێژییەکدا بێدەنگ دانانیشین و وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بە دەستدرێژیکاران دەدەینەوە.»
ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای ساڵی ٢٠٠١ لەلایەن چین، ڕووسیا و چوار وڵاتی ئاسیای نێوەڕاستەوە وەک کۆڕبەندێکی ئەمنی دامەزرا. لە درێژەی ساڵانی ڕابردوودا ئەندامان و دەسەڵاتی ئەم ڕێکخراوە زیادی کرد و ئێستا ڕووسیا، چین، هیندستان، ئێران، پاکستان، بیلاڕووس، کازاخستان، قیرغیزستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان ئەندامی سەرەکیی ئەم ئەنجوومەنەن. چین و ڕووسیا ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای وەک جێگرەوەیەک بۆ دامەزراوە هاوتەریبەکانی ڕۆژاوا وەک گرووپی حەوت (G7) پێناسە دەکەن.

