وزارەتی تەندروستیی لوبنان کۆتا ئاماری نەهایی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا 27 کەس کوژراون و 69 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە کەسانی مەدەنی، منداڵ، ئافرەت و کارمەندانی فریاگوزارییان تێدایە.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە، تەنها لە ڕۆژی دووشەممە (7ی ئەیلوول) لە شارۆچکەی “کەفرڕومان”، 12 کەس کوژراون و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ لەوانەش 11 کەسیان لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ماڵێکدا گیانیان لەدەستداوە کە دوو منداڵ و چوار ئافرەتیان تێدایە، جگە لە برینداربوونی سێ منداڵ و کارمەندێکی فریاگوزاری. هەروەها بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێک لە هەمان شارۆچکە بووە هۆی کوژرانی کارمەندێکی فریاگوزاریی کەشافەی ڕیسالە و برینداربوونی دوو کەسی دیکە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاماری هێرشەکانی ڕۆژی یەکشەممە گەیشتووەتە 11 کوژراو و 26 بریندار، کە ناوچەکانی عەربسالیم، کەفرڕومان، نەبەتیەی سەرۆ، و حەی ڕاهبات لە نەبەتیەی گرتووەتەوە. لە نێو کوژراو و بریندارەکاندا چەندین منداڵ، ئافرەت و دوو ڕۆژنامەنووس هەبوون.
سەبارەت بە هێرشەکانی ڕۆژی شەممەش، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە شەوی هەینی لەسەر شەممە 4 کەس کوژراون و 32 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە زیانەکان لە ناوچەکانی نەبەتیە، کەفرڕومان، مەيفەدۆن، ڕەمادیە لە قەزای صور و عەین تەینە لە بەقاعی ڕۆژئاوا تۆمار کراون.

