zagros news agency

کۆبوونەوەی پرسی دانانی چەک لە عێراق دواخرا

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 7-9-2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، کۆبوونەوەی چوارقۆڵی نێوان هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپەکانی بەرەی مەقاوەمە، کە بڕیار بوو بۆ تاوتوێکردنی پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە ساز بکرێت، دواخراوە.

سەرچاوەکە بە شەفەق نیوز-ی راگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی پێشبینی دەکرا یەکشەممە لەنێوان نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرکردەی چوار گرووپی مەقاوەمە یان نوێنەرەکانیان ساز بکرێت، بەهۆی ئامادەنەبوونی بزووتنەوەی نوجەباوە ساز نەکرا.

بە وتەی سەرچاوەکە، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە و رەنگە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەڕێوە بچێت. هاوکات رەتی کردەوە کە هیچ رێککەوتنێک لەبارەی تێکەڵکردنی ئەو چوار گرووپە لە دامەزراوە ئەمنییەکان کرابێت و هەموو میکانیزمەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی چەک و دانوستانەکان بۆ دوای 30ـی ئەیلول دواخراون.

دوێنێ، سەرچاوەکان ئاشکرایان کردبوو کە رێککەوتنێکی سەرەتایی هەبوو بۆ سازکردنی کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی لایەنە فەرمییە سەربازی و ئەمنییەکانی حکوومەت، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، نوێنەرانی دەستەی حەشدی شەعبی و نوێنەرانی گرووپەکانی مەقاوەمە، تا بەر لە 30ـی ئەیلول میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک تاوتوێ بکەن.

سەرچاوەکان روونیان کردەوە، کۆبوونەوەکە مانای گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی نەبووە، بەڵکو لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هێورکردنەوە و رێگریکردن لە هەر گرژییەکی ئەگەری و گەیشتن بە تێگەیشتن لەبارەی پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک هاتووە.

هەروەها سەرچاوەیەکی دیکە بە شەفەق نیوز-ی راگەیاند، گرووپەکانی مەقاوەمە ئامادە نین چەکەکانیان لە 30ـی ئەیلول رادەست بکەن. لە بەرامبەردا ئاماژەی بە بژاردەی دووەمی دانوستانەکان کرد، کە رێکخستن یان بەستنی چەکەکانە.

نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر، چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی سێقۆڵی لە محەممەد شیاع سوودانی، نووری مالیکی و هادی عامری پێکهێنا، تا دەرهاویشتەکانی پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک تاوتوێ بکەن، ئەمەش دوای ئەو پەرەسەندنە میدیایی و ورووژاندنەی عێراق لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە بەخۆیەوە بینی. لە رۆژانی رابردووشدا، لیژنە سێقۆڵییەکە چەندین گفتوگۆ و دانوستانیان لەگەڵ ئەو گرووپانە کردووە کە پەیوەندیدارن بە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک.

پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە تا ئێستا سازانی گرووپە عێراقییەکانی لەسەر نییە؛ بەشێک لەو گرووپانە لەوانە بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی حزبوڵڵا و کەتائیبی سەید شوهەدا، رایان گەیاندووە کە دژی دەستبەرداربوون لە توانا سەربازییەکانیانن. ئەو وادەیەی حکوومەتی عێراق دیاری کردووە، هاوکاتە لەگەڵ وادەی کۆتاییهاتنی بوونی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، کە گرووپەکان داهاتووی چەکەکانیان بە کشانەوەی هێزە بیانییەکانەوە دەبەستنەوە.

لە بەرامبەردا، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە دیارترین هێزە سیاسییەکانی شیعە، سوننە و کوردی عێراق لەخۆ دەگرێت، هۆشداری داوە کە هەر چالاکییەکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دوای 30ـی ئەیلول، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

‎كێشەی ئەو ئۆتۆمبێلانە چارەسەر كرا كە دوو لۆگۆیان هەیە

گوران

‎بەغدا: لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی رێککەوتین

گوران

نرخی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئەورووپا گران بووە

یاسین