ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند کە لێژنەیەکی ڕەوانەی پارێزگای سمنانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕووداوی هێرشکردنە سەر ژمارەیەک قوتابی عێراقی. هاوکات جەختی لە گرنگی دابینکردنی ئاسایش و سەلامەتی بۆ هاووڵاتیانی عێراقی لەو وڵاتە کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوە، تێیدا هاتووە: “وەزارەت بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ئەو هێرشە دەکات کە کراوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەک قوتابی عێراقی لە پارێزگای سمنان لەلایەن چەند هاووڵاتییەکی ئێرانییەوە.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، باڵیۆزخانەی عێراقی لە تاران ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکارییەکانی ڕووداوەکە بن. لەو چوارچێوەیەشدا، باڵیۆزخانە لێژنەیەکی ڕەوانە کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە بارودۆخی قوتابییەکان و پەیوەندیکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران بۆ بەدواداچوونی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی هێرشەکە.
وەزارەتی دەرەوە دەستخۆشی لەو ڕێکارانە کرد کە دەسەڵاتدارانی ئێران گرتوویانەتە بەر بۆ پاراستنی قوتابییەکان و گواستنەوەیان بۆ زانکۆکانیان بە مەبەستی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانیان. هەروەها جەختی کردەوە لەسەر پێویستی دابینکردنی کەشێکی گونجاو کە ئاسایش و سەلامەتی عێراقییەکان لە ئێران مسۆگەر بکات و ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی لەو شێوەیە.

