zagros news agency

ئەمبولانسی بە سووتەمەنیی وزەی خۆر پەردەی لەسەر لادرا

 

قوتابیانی زانکۆی تەکنیکیی ئایندھۆڤنی هۆڵەندا یەکەمین ئەمبوڵانسی تەواو خۆرییان لە جیهاندا بە ناوی «ستێلا یوڤا» (Stella Juva) نیشان دا. ئەم ئۆتۆمبێلە پێویستی بە کارەبا و سووتەمەنی نییە، خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و ئامێرە پێشکەوتووەکان ڕاستەوخۆ دەگەیەنێتە ناوچە بێبەشەکان و تەنانەت لە دوای ئاوابوونی خۆریش کار دەکات.
ئەم ئەمبولانسە بە فەرمی خرایە خزمەتەوە؛ هەنگاوێک پسپۆڕان وەک دەستپێکێکی گەورە بەرەو داهاتووی خزمەتگوزارییە تەندروستییە بەردەوامەکان ناوی دەبەن.
خوێندکارانی «تیمی خۆریی ئایندھۆڤن» لە زانکۆی تەکنیکیی ئایندھۆڤنی هۆڵەندا، ئەم ئۆتۆمبێلەیان داڕشتووە. ئۆتۆمبێلەکە کارەباییە و ڕێگەی پێ دراوە لەسەر شەقامەکان هاتووچۆ بکات، هەروەها بە تەختەی خۆریی تەواو یەکگرتوو پۆشراوە.
وزەی بەرهەمهاتوو لە خۆر لەنێو پاترییەکی ٥٠ کیلۆوات-کاتژمێریدا پاشەکەوت دەکرێت. ئەم تەکنۆلۆژیایە ڕێگە بە ئەمبوڵانسەکە دەدات لە دوای ئاوابوونی خۆریش بەردەوامی بە ڕۆیشتن بدات و لە ناوچە دوورەدەست و بێبەشەکان لە ژێرخان، کارەبا و سووتەمەنی خزمەتگوزاری پێشکەش بکات.
بە پێچەوانەی ئەمبوڵانسە ئاساییەکان تەنها نەخۆش بۆ نەخۆشخانە دەگوازنەوە، «ستێلا یوڤا» نەخۆشخانە و کەرەستەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشی ڕاستەوخۆ بۆ لای کەسانی پێویست دەبات.
یارنۆ باستن، لە ئەندامانی تیمی خۆریی ئایندھۆڤن دەربارەی شێوازی کارکردنی ئەم ئۆتۆمبێلە گوتی: «کاتێک کارمەندی تەندروستی دەگاتە شوێنەکە، دەتوانێت تەختە خۆرییەکان لە تەنیشتەکانی ئەمبوڵانسەکەوە بکاتەوە. ئەم کارە جیا لە بەرهەمهێنانی وزەی زیاتر، دەبێتە سایەبانێکیش بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی. لە کاتی وەستاندا، وزەی خۆریی بەرهەمهاتوو لە ئاستی بەکارهێنانی ئامێرە پزیشکییەکان زیاترە، واتە کادیری تەندروستی دەتوانن بەبێ نیگەرانی و بە شەو و ڕۆژ ئامێرە پزیشکییەکان بەکار بهێنن.»
لە یەکەمین تاقیکردنەوەی مەیدانیدا بە هاوکاریی ڕێکخراوی تەندروستیی نێودەوڵەتیی «ئامرێف هێڵس ئەفریکا»، ستێلا یوڤا زیاتر لە ٨٠٠ کیلۆمەتری لە ڕێگە سەختەکانی ناوچەی «نارۆک» لە کینیا بڕی. لە قۆناغێکدا ئەندامانی تیمەکە بۆ گەیشتن بە بنکەیەکی دوورەدەست لە ناوچەی «مۆسیرۆ»، ناچار بوون ٦ کاتژمێر لە ڕێگە خۆڵاوییە سەختەکاندا شۆفێری بکەن.
باستن دەربارەی ئاستەنگەکانی ئەم گەشتە گوتی: «لە ڕێگە سەختەکاندا، پارچەیەکی سیستەمی سوکان شکا. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم پارچەیە بە جۆرێک داڕێژرابوو لە کاتی پەستانی زۆردا یەکەم بەشی زیانلێکەوتوو بێت، تیمەکە توانییان لە کەمتر لە نیو کاتژمێردا بیگۆڕن و ئەمبوڵانسەکە بەردەوامی بە ڕێگەکەی دا.»
ئەم ئەمبوڵانسە بنکەیەکی تەندروستیی گەڕۆک و پڕپێداویستییە و ئامێرە گرنگەکانی وەک تیشک (ڕادیۆلۆجی)، سۆنەر، شۆکی دڵی خۆکار و ساردکەرەوەی پاراستنی ڤاکسین ڕاستەوخۆ دەباتە نێو ناوچە بێبەشەکان.
لە تاقیکردنەوەیەکی دوو ڕۆژەدا ستێلا یوڤا سەلماندی دەتوانێت خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەشی نزیکەی ٢٠٠ کەس بکات. متییس فان خرفن، بەڕێوەبەری تیمەکە گوتی: «پێشکەشکردنی چاودێریی تەواو سەربەخۆ، بەتایبەت لە ناوچە دوورەدەستەکاندا وزەی تێدا کەمە، دەتوانێت هەموو شتێک بگۆڕێت.»
جێفری سادرا، بەرپرسی پڕۆژەی تەندروستیی دایک و منداڵ لە ڕێکخراوی ئامرێف ئاماژەی بە کێشەکانی ناوچەی نارۆک کرد و گوتی: «ستێلا یوڤا جیا لە کادیری تەندروستی، کارەبا و کەرەستەی پێویست بۆ پشکنین دەباتە نێو کۆمەڵگە دوورەدەستەکان. بۆ نموونە ئەمبوڵانسەکە دەتوانێت لە ئەرکێکدا پشکنینی سۆنەر بۆ ٤٠ ژنی دووگیان ئەنجام بدات، ئەمەش لە ناوچە بێبەشەکان بە ڕێژەی بەرزی مردنەوە، ژیانبەخشە.»
لە دوای ئەم سەرکەوتنە، تیمی توێژینەوەی هۆڵەندا ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیاکان، دامەزراوەکان و حکوومەتەکان بە مەبەستی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی ئەم تەکنۆلۆژیایە لە سەرتاسەری جیهاندا ڕاگەیاند.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕیال مەدرید ئەستێرەیەکی تری لیڤەرپولی دەوێت

یاسین

ئاگادارییەکى گرنگ لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بۆ قوتابیان

سەڵاح

جۆلانی بە سەرۆکی کاتی سوریا هه‌ڵبژێردرا

سەڵاح